🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سوودانی: "بەڕێزەوە یادی تاوانەکانی ئەنفال لە دژی گەلی کوردی خۆشەویست دەکەینەوە"

سپێده‌ 2023/04/15 00:00

دیجتاڵ میدیای سپێده‌


سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند، ئەنفال قێزەونترین ستەم و تاوانە کە رژێمی بەعس دژبە گەلی کورد ئەنجامیدا کە هیچ رژێمێک تاوانی بەم شێوەیە لە رق وکینە و رەگەزپەستی لە دژی هاووڵاتییانی خۆی ئەنجامی نەداوە.


محەمەد شیاع سوودانی لە یادی شاڵاوەکانی ئەنفال دژبە گەلی کورد، پەیامێکی بەهەر سێ زمانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی بڵاوکردەوە.


لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە "بەبێ دەنگی و رێزگرتن و غەمگینیەوە، لەم رۆژانەدا پێکەوە یادی پرۆسەکانی تاوانی ئەنفال لە دژی گەلی کوردی خۆشەویست دەکەینەوە کە قێزەونترین ستەم و دوژمنکاری بوو رژێمی دیکتاتۆری بەعسی ئەنجامیدا کە هیچ رژێمێک تاوانی بەم شێوەیە لە رق وکینە و رەگەزپەستی لە دژی هاووڵاتییانی خۆی ئەنجامی نەداوە".


سوودانی راشیگەیاندووە، تاوانباران سزای خودا و یاسایی خۆیان وەرگرت و بەرگی شەرمەزارییان بۆ هەتا هەتایی لەبەر کرد، بەڵام بەهۆی ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییە دژبە مرۆڤایەتییەوە هێشتا ئازار و حەسرەت لەناو دڵ و دەرووندا هەر ماوە.


سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەبەهێزی نێوان پێکهاتەکانی عێراق کردووە و رایگەیاندووە "گەلەکەمان ئەمڕۆ لە رەوشێکی بەهێزتردایە و بەڕیزێکی تۆکمە و توانا و هاوبەندیەکی پتەوتر لەنێوان پێکهاتە جیاوازکانییدا لەسەر پێی خۆی وەستاوە".


لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی محەمەد شیاع سوودانی هاتووە "گەلەکەمان هەموو پێکەوە شەڕی دیکتاتۆرییەتی کرد و بۆ هەمیشە لەگۆڕی نا، هەروەها هەموو ئەوانەیشی لە گۆڕنا کە هەڵگری گوتاری هاندان و جیاکاری و دروستکردنی جیاوازییەکان بوون. گەلەکەمان کە لە تاوانەکانی ئەنفال و جینۆساید و ستەم و بێ مافکردن رزگاری بووە و لە دژی ستەمکاری خەباتی کردووە و کاروانی شەهیدانی لەسەر رێگای ئازادی کردە قوربانی، ئیرادەی خۆی بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی ئارام دیاری کردووە کە تێیدا هەموو عێراقییەکان بە رێز و شکۆمەندانەوە لە خاکەکەیاندا بژین".


لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت "ئەمڕۆ ئەم یادە پڕ لە ئازارە دەکەینەوە وەک دەستپێک بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی کار و بیناکردن و بەخشین تاوەکو ببێتە هاندەرێک بۆ نەوەکانی کە شایەتحاڵی تاوانەکە بوون و ئەوانەی بەیانبینووە، پێکەوە دەست لەناو دەست و بە برایەتی لەپێناو عێراقێک کە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و گۆڕی بەکۆمەڵ تیایدا دووبارە نەبێتەوە".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (سپێده‌)