🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

‎بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کرایە سەر چەند ناوچەیەکی رووسیا

سپێده‌ 2023/02/28 00:00

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌


ئەوە راگەیەندرا کە ئۆکراینا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی جیاجیای رووسیا کە ناوچەیەکی نزیک مۆسکۆی پایتەختیش لە نێویاندایە.


‎لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی بەرگریی رووسیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئۆکراینا شەوی رابردوو بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەوڵی داوە هێرش بکاتە سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی ناوچەی کراسنۆدار و کۆماری ئادیگە.


‎لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە لەلایەن یەکە ئەلیکترۆنییە شەڕکەرەکانی هێزە چەکدارەکانی رووسیاوە هێرشەکە پووچەڵ کراوەتەوە و تێیدا هاتووە: “هەردوو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کۆنتڕۆڵیان لەدەستدا و لە ئاراستەی خۆیان دەرچوون. یەکێکیان کەوتە نێو کێڵگەیەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی دیکەش کە لە ئاراستەکەی لایداوە، زیانی بەو ژێرخانە نەگەیاند کە بۆی نێردراوە”.


‎پارێزگای ناوچەی مۆسکۆ، ئاندرێ ڤۆرۆبیاڤ لە پەیامێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە نزیک شاری کۆلۆمنا کەوتووەتەخوارەوە و گوتی: “ئەمە لە نزیک گوندی گوباستۆڤۆ روویدا. ئەگەری هەیە ئامانجەکە ژێرخانێکی مەدەنی بووبێت، ئەوێ زیانی بەرنەکەوت. هیچ زیان و رووخانێک رووینەداوە”.


‎ڤۆرۆبیاڤ ئەوەشی خستەڕوو کە ئاژانسی ئاسایشی فیدڕاڵی رووسیا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە کار لەسەر دۆخەکە دەکەن و رایگەیاند هیچ دۆخێک رووینەداوە کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی دانیشتووانی شارەکە بکات.


‎هاوکات سەرۆکی شارەوانی بەلگۆرۆد، ڤالێنتین دەمیدۆڤ رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەر باڵەخانەیەکی شارەکە کەوتووە و دانیشتووانی باڵەخانەکە بۆ شوێنێکی پارێزراو گواستراونەتەوە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (سپێده‌)