🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

قوتابیه‌كی کۆلێژی پزیشكی گه‌رمیان هه‌ڵەیەکی زانستی لە پەرتوکێکی جیهانی پزیشکی ئاشکرا دەکات

سپێده‌ 2022/12/04 00:00

دیجیتال میدیای سپێده‌


زانكۆی گه‌رمیان گه‌رمیان له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ ماڵپه‌ری فه‌رمی خۆیان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت،"بەھار حسێن ره‌حیم، قوتابی قۆناغی پێنجەم لە کۆلێژی پزیشكی، ھەڵەیەکی زانستی لە پەڕتووکێکی جیھانی بە ناونیشانی ( Bailey & Love’s Short Practice of Surgery) تایبەت بە (نەشتەرگەری گشتی) بەریتانی ده‌بینێته‌وه‌."


زانكۆی گه‌رمیان چۆنیەتی دۆزینەوەی ھەڵەکە ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌ینێت، كه‌ ئه‌و قوتابییه‌ كچه‌ لە کاتی خوێندنی وانەی تایبەت بە نەخۆشییەکانی لیکەڕژێنەکان (ئەندامێکە لە کۆئەندامی ھەرس) لە لاپەڕە ی 794 بەشی 49ی کتێبەکەدا، تێبینی ھەڵەیەک دەکات و دوای پێداچوونەوە و گەڕان لە چەندین سەرچاوەی تایبەت بە نەشتەرگەری و فیسیۆلۆجی جەستەی مرۆڤ، توانی ھەڵەکە پشتڕاست بکاتەوە و لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە ناوەندی بڵاوکەرەوەی کتێبەکە (CRC press)ی لێ ئاگاداربکاتەوە، ئەوانیش لای خۆیانەوە نووسەرانی ئەو بەشەی کتێبەکە ( Mark McGurk ، Leandros-Vassilios F. Vassiliou) ئاگاداردەکەنەوە.دوای پێداچوونەوە بۆ ھەڵەکە دەست خۆشی لە خوێندکاری ناوبراو دەکەن و بەڵێنی ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵە زانستییەی پێدەدەن لە چاپەکانی داھاتووی کتێبەکەدا.


پەڕتووکی (Bailey & Love’s Short Practice of Surgery)، یەکێکە لە كتێبه‌ باوەڕپێکراوە و بەناوبانگەکانی بواری نەشتەرگەری له‌ جیهاندا. چاپی یەکەمی کتێبەکە لەلایەن دوو پزیشک و نووسەر و پرۆفیسۆری بەریتانی بواری نەشتەرگەری به‌ ناوه‌كانی ( Hamilton Bailey ، McNeil Love) لە ساڵی 1932 چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا وه‌كو پرۆگرامی خوێندن له‌ زۆرێك له‌ زانكۆكانی جیهاندا ده‌خوێندرێت و بەردەوام بەرەو پێش دەبرێت و زانیاری نوێی بواری نەشتەرگەری سەردەمی بۆ زیاد دەکرێت و ڕۆژانە خوێندکاران و پزیشکان لە سەرانسەری جیھان سوودی لێ وەردەگرن.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (سپێده‌)