🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

لە هەولێر لە ژێر ناونیشانی پێکەوەژیان پێشانگای کتێب کرایەوە

سپێده‌ 2022/10/25 00:00

کتێبخانەی گشتی ھەولێر بە ھاوبەشی لەگەڵ زانکۆی جیھان پێشانگایەکی کتێبی لەژێر ناونیشانی پێکەوەژیان کردەوە.


بە سەرپەرشتی وەزیری رۆشنبیری و لاوانی ھەرێمی کوردستان، حەمەی حەمەسەعد و بە بەشداری ژمارەیەک لە نووسەران و خوێنەران، پێشانگایەکی کتێب لە ژێر ناونیشانی پێکەوەژیان لە ھۆڵی کتێبخانەی گشتی زەیتوون کرایەوە.


لە پێشانگاکەدا جگە لە نمایشکردنی چەندین ناونیشانی جیاوازی کتێب، ھاوکات چەندین دیمەنی وەک خواردن دروستکردن، ھەڵدانی رەشماڵ و نانکردن، کەلوپەلی دەستکرد و جوانکاری کە گوزارشتە لە بوونی کولتووری پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان، ببووە ھۆی راکێشانی سەرنجی سەردانیکارانی پێشانگاکە.


لە دەستپێکی کردنەوەی پێشانگاکەدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی ھەرێمی کوردستان حەمەی حەمەسەعید گوتارێکی پێشکەیشکرد و تیاییدا ئاماژەی بە رۆڵی کتێبخانەکان کرد لە هەوڵەکانییان بۆ پەرەپێدانی بواری زانستی و کردنەوەی پێشانگای تایبەت کتێب.


لە رێوڕەسمەکەدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان حەمەی حەمەسەعید گوتی: "وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان گرنگی تەواو بە کتێب و کتێبخانەکان دەدات، خزمەتەکانی لەم بوارەدا بەرچاوە، وەزارەتەکەمان، بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی کتێبخانە گشتییەکانی لەسەر ئاستی هەرێم هەیە، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ٩٢ کتێبخانەی گشتی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی لە خۆ گرتووە، لەم کتێبخانانەدا ٨٥٨ هەزار و ٩٥١ کتێبی هەمە چەشن و هەمەجۆر هەیە لە خزمەت هاووڵاتییاندا".


وەزیری رۆشنبیری هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پڕۆژەی کۆکردنەوەی کتێب و بەخشینی بە دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت و گوتی: "ئێستا هەزار کتێبی هەمەجۆر ئامادەن بۆ بەشی کوردی کتێبخانەی یۆنان بەهەمان شێوە بۆ وڵاتی سویدیش ئامادەکراوە، لەناوخۆی هەرێمیش پڕۆژەی کۆکردنەوەی کتێبمان بۆ دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەت هەیە و بە نموونە لە ئێستادا زیاتر لە پێنج هەزار کتێب کۆکراوەتەوە و لەم رۆژانەدا بە کتێبخانەکانی چاکسازی گەوران و نەوجەوانان دەبەخشرێت".


بڕیارە پێشانگاکە ماوەی ١٠ رۆژ بخایەنێت و، لەمیانی بەڕێوەچوونی پێشانگاکەشدا، چەندین سمینار و چالاکی ھونەری ئەنجام بدرێت.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (سپێده‌)