🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

 ترامپ: ئێران دەخوازێت دانوستاندن ئەنجام بدەین و ئێمەش ئەنجامی دەدەین بزانین چی ڕوودەدات

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/27 22:35

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت، ئەمەریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانوستاندن دەکات و "دەرفەتی باش" هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام ئەگەر دانوستاندنەکان شکستیان هێنا، ئەوا ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەستپێدەکاتەوە.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی دووشەممە 27ی مانگی حەوت لە دەمی ڕۆشتنی بۆ ویلایەتی مشیگەن لە ناو فڕۆکەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی داوایان کردووە هەم ڕاستەوخۆ و هەم لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە لەگەڵ ئەمەریکا کۆببنەوە.

وتیشی "ئەوان دەیانەوێت کۆببنەوە و ئێمەش کۆدەبینەوە، دەبینین چی ڕوودەدات، ئەگەری ئەوە هەیە بتوانین بگەینە ڕێککەوتن."

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گوتیشی داواکاری ڕژیمی ئێران بۆ دانوستاندن لە ئەنجامی هێرشە قورسەکانی ئەمەریکا بووە و ڕایگەیاند "بەبێ ئەوەی ئەنجاممان داوە، ئەوان ئامادە نەدەبوون لەگەڵماندا دانیشن."

بەڕێز ترامپ وردەکارییەکانی سەبارەت بە شوێن و ئاست و لایەنەکانی بەشدار لە دانوستانەکاندا نەخستەڕوو، بەڵام وتی دانوستانەکان "باش" بەڕێوەدەچن و کۆماری ئیسلامی لە شەوانی ڕابردوودا داوای لە ئەمەریکا کردووە هێرشەکانی ڕابگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێموایە ئەگەرێکی زۆر هەیە شتێک ڕووبدات. "ئەگەر ببێت، زۆر باشە؛ ئەگەر نەبوو، دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەمانکرد."

سەرۆکی ئەمەریکا دیسانەوە جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا بەشێکی زۆری توانای سەربازی ئێرانیان لەناوبردووە.

ناوبراو وتی "ئێمە زۆر بە باشی توانای سەربازی ئەوانمان لەناوبردووە" و ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆماری ئیسلامی ئێستا تەنها "لەسەدا هەشت"ی ئەو شتانەی هەیە کە چوار مانگ لەمەوبەر هەیبوو.

بەڕێز ترامپ هەروەها ڕایگەیاند کە ئێران هێزی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی کاریگەر نییە.

لە وەڵامی پرسیارێک لەسەر جیاوازی ڕوانینی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەسەر ئێران سەرۆک ترامپ گوتی "جیاوازییەکی بچووک" لە نێوان خۆی و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پرسی ئێراندا هەیە، بەڵام هەڵوێستی هەردوولا نزیکە.

کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا کە ئایا بەڕێز نەتانیاهۆ دەیەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئێران بکات یان بەردەوام بێت لە هێرشەکان، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە هەڵوێستی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بخاتەڕوو. ئاماژەی بەوەشکرد، ناتانیاهۆ وەک "سەرۆک وەزیرانی سەردەمی جەنگ" کارێکی باشی کردووە و هاوکارییەکانیان سەرکەوتوو بووە.

ترامپ هەروەها دووپاتی کردەوە کە کردەوەکانی ئیدارەکەی وایکردووە کۆماری ئیسلامی نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و ئیسرائیل لەناو ببات. ئاماژەی بە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کرد کە بە بەرجام ناسراوبوو .

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، پەیامنێرێک پرسیاری لە سەرۆک ترامپ کرد سەبارەت بە لێدوانێکی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا کە گوایە ڕووسیا وێنەی مانگی دەستکردی بنکەکانی ئەمەریکای لە کەنداوی فارسدا دابینکردووە بۆ ئەوەی یارمەتی کۆماری ئیسلامی بدات بە ئامانجیان بگرێت. لە وەڵامدا بەڕێز ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەکە دەکات و ئەو پرسە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دەوروژێنێت. وتیشی "بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوە ڕاستە یان نا، من لەو بارەیەوە پرسیار لە پوتین دەکەم".

سەرۆک ترامپ هەروەها وتی کە ئەم جۆرە هاوکارییە ئەگەر پێشکەش بکرێت، کاریگەرییەکی کەمی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی هەبووە. ناوبراو وتی باوەڕی بەوە نییە کە ڕووسیا هاوکاریی "ئاستی بەرز"ی پێشکەش بە کۆماری ئیسلامی کردبێت، بەڵام ڕایشیگەیاند کرد کە ئەگەر کردبێتی، ئەوا "کاریگەرییەکی زۆر کەمی هەبووە".

سەرۆک کۆماری ئەمەریکا هەروەها باسی لەوە کرد کە ئیدارەکەی بە نیازە سەروەت و سامانی ئێرانی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەمەریکا بۆ قەرەبووی زیانەکانی کەشتییەکان بەکاربهێنێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێدانی قەرەبووی کۆمپانیاکانی کەشتیوانی، "ئێمە پارەی ئێران بەکاردەهێنین بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە گەیاندوویانە".

هەروەها وتی شتێکی هاوشێوەی ئەوەی ڕوویدا لەگەڵ داهاتەکانی ڤەنزوێلا لەگەڵ ئێراندا ڕوودەدات و ئەمەریکاش "چەند هێندە زیاتر" قەرەبووی تێچووی شەڕەکە دەکاتەوە.

لە هەمان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆک ترامپ لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر پشتیوانی حوسییەکانی یەمەن بۆ ئێران گوتی ئەمەریکا لە ئێستادا دەستی لەم بابەتەدا نییە، بەڵام ئەگەر کێشەیەک هەبێت لەوانەیە دەستوەردان بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا گورزی قورسی لە دژی حوسییەکان ئەنجامداوە و لەو کاتەوە ڕووبەڕووی کێشەیەکی جددی ئەو گروپە نەبووەتەوە.

گوتیشی ئەگەر ئەوان ببنە کێشە، ڕەنگە پێویست بکات هەنگاو بنێین.

بەڕێز ترەمپ نیگەرانییەکانی ڕەتکردەوە کە ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت یان فراوانتر بێت، کۆگاکانی تەقەمەنی ئەمەریکا کەم دەبێتەوە و وتی ئەمەریکا کۆگایەکی زۆری تەقەمەنی هەیە.

بەڵام دانی بەوەدانا کە ئەمەریکا پێویستی بە کۆکردنەوەی زیاتری هەندێک چەک و کەرەستەی پێشکەوتوو هەیە.

سەرۆک ترامپ وتی بەرهەمهێنانی سیستەمی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت و تاد لە زیادبووندایە و بەڵێندەرانی بەرگری ئەمەریکا کارگەی نوێ دروست دەکەن.

جارێکی تریش جۆو بایدن سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی بەشێکی زۆر لە کۆگاکانی چەکی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە.

بەڕێز ترەمپ وتی "ئێمە لە دۆخێکی زۆر باشداین، بەڵام بە دڵنیاییەوە حەز دەکەین زیاتر لە هەندێک لە ئامێرە پێشکەوتووەکانمان هەبێت."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)