بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە ، وتەبێژی فەرمیی حکومەت، حەیدەر عەبوودی، ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، بەیانیی ڕۆژی سێشەممە لەسەرۆکایەتیی شاندێکی فەرمیی باڵادا بەرەو کۆماری تورکیا بەڕێدەکەوێت.
عەبوودی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) وتی: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، بەیانیی ڕۆژی سێشەممە بە وەڵامدانەوەی بانگهێشتنامەی سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئۆردۆغان، لەسەرۆکایەتیی شاندێکی فەرمیی باڵادا بەرەو کۆماری تورکیا بەڕێدەکەوێت".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "شاندی حکومەتی عێراق لە ئەنقەرە تاوتوێی دۆسیەکانی هاوکاریی ستراتیجی لە ئاستەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، ئاسایش و سەربازی دەکات، سەرباری قەیرانی ناوچەکە و پێشهاتە هەرێمییە خاوەن بایەخە هاوبەشەکان".
ئەوەشی خستەڕوو کە "دۆسیەی ئاو بایەخێکی تایبەتی لە ماوەی ئەم سەردانە فەرمییەدا دەبێت، لەگەڵ ئەو تێگەیشتنانەی پەیوەستن بەم ڕێڕەوەوە بەپێی ڕێککەوتنامەی چوارچێوەیی عێراقی-تورکی، جگە لە بوارەکانی ئۆتۆمبێل و وزە، پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و پێداویستییەکانی جێبەجێکردنی بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتی دراوسێ بەدی بهێنێت".