بەدواداچوون - INA
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری (علم الأعصاب)دا بڵاوکراوەتەوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە پاراستنی خێراییەکی باشی ڕۆیشتن لە قۆناغەکانی بەساڵاچوودا، دەکرێت بڕیار و ئاماژەیەکی گرنگ بێت بۆ تەندروستیی مێشک، و بەستراوەتەوە بە دابەزینێکی بەرچاو لە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی زەهایمەر و لەبیرچوونەوە.
توێژەران پشتیان بە شیکردنەوەی زانیارییەکانی نزیکەی 4 هەزار کەس بەستووە کە ناوەندی تەمەنیان 84 ساڵ بووە، لەگەڵ دوو توێژینەوەی زیاده کە کەسانی سەروو هەشتا ساڵیان لەخۆگرتووە و تێیاندا تەکنیکی وێنەگرتنی مێشک و شیکردنەوەی شانەکانی مێشک دوای کۆچی دوایی بەکارهێنراون.
توێژینەوەکە تیشکی خستووەتە سەر توێژێک کە توێژەران ناویان ناوە "جووڵەکەرە سوپەرەکان" (Super-movers)، ئەوانیش ئەو بەساڵاچووانەن کە خێرایی ڕۆیشتنیان لە بەرامبەر %93ی هاوتەمەنەکانیان لە تاقیکردنەوەکانی ڕۆیشتندا بەرزتر بووە.
ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەم توێژە بە ڕێژەی %50 کەمتر ڕووبەڕووی لاوازبوونی درککردن بوونەتەوە لە ماوەی ساڵانی بەدواداچووندا، هەروەها ئەگەری دەستنیشانکردنی زەهایمەر یان جۆرەکانی تری لەبیرچوونەوە لایان بە ڕێژەی %60 دابەزیوە بەراورد بەوانەی بە هێواشی دەڕۆن. هەروەها تواناکانیان لە بیرگە، بیرکردنەوە و خێرایی پرۆسێسکردنی زانیارییەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر پاراستووە.
وێنەکانی مێشک ئاشکرایان کردووە کە خاوەن ڕۆیشتنە خێراکان قەبارەیەکی گەورەتریان لە ناوچەی (الحُصين - Hippocampus)دا هەیە، کە بەرپرسە لە پێکهێنانی یادەوەرییەکان. لە بەرامبەردا، شیکردنەوەی شانەکانی مێشک دوای کۆچی دوایی دەریخستووە کە گۆڕانکارییە بیۆلۆجیییەکانی پەیوەندیدار بە زەهایمەر لە نێوان خاوەن ڕۆیشتنە خێراکان و ئەوانی تردا لە یەکتر نێزیک بوون، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی جیاوازییەکە دەکرێت لە توانای مێشکدا بێت بۆ بەرنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی نەخۆشییەکە و بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە کارایی.
توێژەران جەخت دەکەنەوە کە توێژینەوەکە سەلمێنەری ئەوە نییە کە ڕۆیشتنی خێرا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕێگری لە زەهایمەر دەکات، بەڵام بەڵگەکان بەهێزتر دەکات کە جەستەی ڕێک و تەندروستیی مێشک لەگەڵ سەربەرەوژووربوونی تەمەندا بەیەکەوە دەبەستنەوە. لەبەر ئەوە، چالاکیی جەستەییی بەردەوام، لە سەروویانەوە ڕۆیشتن، بە یەکێک لە باشترین هۆکارەکان دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی تواناکانی مێشک و بەرزکردنەوەی کوالێتیی ژیان لای بەساڵاچووان.