🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

دەستەی دەستپاکی: تۆڕێکی مەترسیداری ساختەکاری و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و قەرزمان لە دیوانییە هەڵوەشاندەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/26 12:56

بەغدا - INA

ئەمڕۆ یەکشەممە،دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتوودا لە پارێزگای دیوانییە، توانی تۆڕێکی مەترسیداری ساختەکاری و تەڵەکەبازی هەڵوەشێنێتەوە کە دەستیان بەسەر موڵک و زەوییەکاندا گرتبوو بە شێوەیەکی نایاسایی قەرزیان وەرگرتبوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەکە،کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : تیمێکی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە دیوانییە دوای وەرگرتنی زانیاری ورد، هەڵیانکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی و باری شارستانی و پاسپۆرت و نیشتەجێبوون، و توانیان 13 تۆمەتبار دەستگیر بکەن لە فەرمانبەر،و پارێزەر و کەسانی تر کە لە چەند پارێزگایەکدا کاری ساختەکارییان ئەنجام دەدا بۆ بردنی سەروەت و سامانی گشتی بۆخۆیان.

لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە تۆمەتباران هەستاون بە ڕێکخستنی 243 مامەڵەی وەرگرتنی قەرز بە ڕێگەی پشتڕاستکردنەوە و گەرەنتی ساختە لە 12 بانکی حکوومی لە چەند پارێزگایەک، هەروەها بەخشینی 13 پارچە زەوی بە کەسانی نا شایستە لە دەرەوەی پارێزگاکە لەسەر بنەمای پشتڕاستکردنەوەی نیشتەجێبوونی ساختە، لەگەڵ خەرجکردنی بڕە پارەیەک لە ڕێگەی لیژنەی ماددەی 140.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا، زیاتر لە 600 بەڵگەنامەی نیشتەجێبوون و تۆماری باری شارستانیی ساختە لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و بنکەی داتای باری شارستانی دەست بەسەردا گیراون.

راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکردوە : کە تۆمەتباران تۆماری باری شارستانی و نووسراوی ساختەیان پێشکەشی دادگاکان و دامەزراوە فەرمییەکانی وەکو دەزگای شەهیدان،و دەستەی نیشتمانی خانەنشینی، و چاودێری کۆمەڵایەتی کردووە، هەروەها ناسنامەی باری شارستانیی ساختەیان بۆ کەسانی زیندوو و مردوو دروستکردووە، لەگەڵ دروستکردنی ڤیزای ئەلیکترۆنیی ساختە بۆ وڵاتان، و بەهای گشتیی ئەو موڵک و قەرزانەی لەم ڕێگەیەوە مامەڵەیان پێوە کراوە، زیاتر لە 4 ملیار دینار بووە، و کۆی گشتیی بەڵگەنامە ساختە دەستبەسەرداکراوەکان نزیکەی 1000 بەڵگەنامە بوون.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە : کە دادوەری لێکۆڵینەوەی دیوانییە بڕیاریدا بە دەست بەسەرداگرتن و ڕاگرتنی ڕێکارەکانی خاوەندارێتیی موڵکەکان،لەگەڵ پابەندکردنی سەرجەم تۆمەتباران و بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان دژی پێشێلکاران.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)