بەغدا - INA - محەمەد داود
هەیسەم عەبدولحەمید ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە دەستكەوتەكانی وەرزشوانانی عێراق لە پێشبڕكێ نێودەوڵەتییەكاندا بەرهەمی هەوڵە هاوبەشەكانی نێوان لیژنەی ئۆڵۆمپی و فیدراسیۆنە وەرزشییەكان و لیژنە تایبەتمەندەكانە، ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكە بەردەوامە لە جێبەجێكردنی بەرنامەكانی ئامادەكردنی وەرزشوانان بۆ پێشبڕكێ گەورەكان، دیارترینیان یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆسی 2028یە.
عەبدولحەمید بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: وەرزشوان عەلی عەمار یەكێكە لەو پڕۆژە سەرەكییانەی لیژنەی ئۆڵۆمپی پشتی پێدەبەستێت لە چوارچێوەی بەرنامەكەیدا بۆ ئامادەكردنی وەرزشوانان بۆ ئۆڵۆمپیاد، لیژنەكە بەردەوامە لە دابینكردنی كەمپی مەشق و ڕاهێنان بۆی، دوایینیان كەمپی مەشق و ڕاهێنان لە ئەنتاڵیا لە توركیا بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەشكرد : لیژنەی ئۆڵۆمپی ڕاستەوخۆ چاودێری بەرنامەكانی ئامادەكاری وەرزشوان دەكات و پابەندە بە دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی و تێپەڕاندنی هەر ئاستەنگێك كە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، خێرایی كاركردن بە شێوەیەكی ئەرێنی بەرەوپێش دەچێت، ئەمەش لە ئەنجامەكانی بەدەست هێنراوەكانی ئەم دواییە ڕەنگدانەوەی هەبووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە پاڵەوان موسا خزەیر هەروەها نوێنەرایەتی یەكێك لەو پڕۆژە ئۆڵۆمپیانە دەكات كە لیژنەكە حسابی بۆ دەكات بۆ پێشبڕكێیەكانی داهاتوو، ئاماژەی بەوەشكرد، دەستكەوتی بەدەستهێنانی سێ میدالیای زێڕ لە پاڵەوانێتی جیهانی كە لە كۆڵۆمبیا بەڕێوەچوو، دەرئەنجامی پلاندانان و كاری هاوبەشی نێوان لیژنەی ئۆڵۆمپی و فیدراسیۆنی پەیوەندیدار و لیژنە تەكنیكییە تایبەتمەندەكان بووە.
عەبدولحەمید ڕوونیشیكردەوە : دیارترین ڕووداوی داهاتوو بەشداریكردنە لە یارییە ئاسیاییەكان كە بڕیارە لە شاری ناگۆیا لە ژاپۆن بەڕێوەبچێت، بەو پێیەی بە یەكێك لە بەهێزترین ڕكابەرییە كیشوەرییەكان دادەنرێت، بە لەبەرچاوگرتنی بەشداریكردنی پاڵەوانە نوخبەكانی ئاسیا.
جەختیشی لەوە كردەوە : كە لیژنەی ئۆڵۆمپی ئامانجی بەشداریكردنە بۆ كێبڕكێكردن بۆ بەدەستهێنانی میدالیا لەڕێگەی هەڵبژاردنی باشترین وەرزشوانانی عێراقی لە وەرزشە جیاوازەكاندا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی شاندەكە كۆمەڵەیەكی هەڵبژێردراوی پاڵەوانەكان لەخۆدەگرێت كە توانای بەدەستهێنانی ئەنجامی نایابیان هەبێت.
ڕوونیشی كردەوە كە دیارترین وەرزشەكان كە عێراق پشتی پێ دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی میدالیا لە كاتی یارییەكانی ناگۆیادا بریتین لە بەرزكردنەوەی قورسایی، بۆكسێن، گۆڕەپان ومەیدان و وەرزشی جوجیتسۆ، و تایكواندۆ، متمانەی خۆی دەربڕی بە توانای وەرزشوانانی عێراق بۆ پێشكەشكردنی ئاستێكی شەرەفمەندانە كە لەگەڵ ناوبانگی وەرزشی عێراقی دەگونجێت.