🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

لە نێوان كاری قورسی جووتیاری و خەونی پزیشکیدا.. سێ برا چیرۆکێکی سەرکەوتنی دڵخۆشكه‌ر لە کەرکووک دەنووسنەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/25 02:14

کەرکووک - INA - ڕودی ئەنوەر

قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکووک رووداوێکی پەروەردەییی بێپێشینە و ناوازەی بەخۆوە بینی کە لە جۆری خۆیدا یەکەمینە، دوای ئەوەی سێ برا لە گوندی "سەدر نەهر" نمرەی تەواویان (100%) لە تاقیکردنەوە وەزارییەکانی ئامادەییدا (پۆلی شه‌شی زانستی) بەدەستهێنا، و کەوتنە لوتکەی لیستی قوتابییە یەکەمەکانی سەر ئاستی عێراق، تاوەکو لە ناو ژوورێکی قوڕینی سادەوە گەشتەکەیان بەرەو پسپۆڕی لە کۆلێژی پزیشکیدا دەستپێبکەن.

پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی (INA)، کە سەردانی گوندی "سەدر نەهر"ی کردووە (کە دەکەوێتە ٨٠ کیلومەتر باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک)، مەینەتی و بارودۆخە سەختەکانی گوستەوە کە ئەو سێ برایە (جومعە حەسەن محەمەد، جەمال حەسەن محەمەد، و ساڵح حەسەن محەمەد) دەرچووانی ئامادەییی "موستەفا" لە گوندی "لوزاگەی" دراوسێیان تێیدا ژیاون؛ بەجۆرێک ئەزموونی پۆلی دوازدەی زانستییان بە سادەترین پێداویستییەکان ئەنجامداوە، و ژوورێکی قوڕینی ڕووناكی-کەمیان کردووەتە شوێنی خوێندنەوەی دەرسەکانیان کە لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردووەوە دوای بەدەستهێنانی بەخشینی گشتی بەردەوام بوو.

قوتابی جومعە بە ئاژانسی دەنگوباسی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "خوێندنمان بۆ بابەتەکان دەگەیشتە ننزیکەی ٢٠ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، و توانیمان بە تەواوی لە پڕۆگرامەکانی خوێندن بگەین، کە ئەم هەوڵە بە بەدەستهێنانی نمرەی 101% کۆتایی هات دوای زیاکردنی نمرەی خولی یەکەم، لە کاتێکدا جەمالی برام نمرەی 100.29% و ساڵحی برام نمرەی 100%ی بەدەستهێنا".

لە لایەکی دیکەوە، جەمالی برای دووەمیان بۆ (INA)ی ڕوون کردەوە و وتی: "لە ماوەی خوێندندا هاوکاریی باوکمان دەکرد لە کارە کشتوکاڵییەکاندا، و پەرتووک و موحازەرەکان لە کاتی پشووەکانیشدا لێمان دانەدەبڕان، بەجۆرێک پشتمان بە شیکردنەوە و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان خۆماندا دەبەست، و پێداچوونەوەی بابەتەکانی خوێندنامان سێ جار لەسەر یەک تەواو کرد".

سەبارەت بە پلانەکانی داهاتوویان، برای سێیەم جەختی کردەوە کە "کۆلێژی پزیشکیی گشتی ئامانجی داهاتووی هەرسێ برایەکەیە بۆ هاتنەدیی خەونێک کە مێژوویەکی درێژی هەیە"، و ئاماژەی بەوە دا کە "گەورەترین هاندەر و پاڵنەر بەهۆی عیسای برای گەورەیانەوە بوو کە قوتابیی قۆناغی دووەمی کۆلێژی پزیشکییە لە زانکۆی تکریت، کە ڕێنیشاندەریان بووە بۆ دروستی خوێندن و ڕێگەكانی بەدەستهێنانی نمرەی بەرز".

لە هەمان ئاستدا، حەسەن محەمەدی باوکی هەر سێ قوتابییەکە، شانازی و سەربەرزیی خۆی بەم دەستکەوتە دەربڕی، بەڵام لە هەمان کاتدا حەیرانی و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر خەرجییەکانی داهاتوو دەربڕی.

باوكی سێ قوتابییه‌كه‌ به‌ (INA) وتی: "خۆشییەکەم وەسف ناکرێت بە دەستکەوتی هەرسێ کوڕەکەم و ڕۆیشتنیان لەسەر ڕێچکەی برایە گەورەکەیان، بەڵام حەیران و دڵگران وەستاوم لەبەرامبەر تێچووە دارایییە گەورەکانی خوێندن و گواستنەوەیان بۆ شار؛ چونکە من تاقە بژێوییدەری خێزانێکی ٢٠ کەسییم و بە تەواوی پشتم بە کشتوکاڵ بەستووە"، و داوای لە "لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد دەستوەردان بکەن و سەرپەرشتیکردنی خوێندنەکەیان بگرنە ئەستۆ".

شایانی باسە، هەر سێ براکە (جەمال و ساڵح کە دوانەن، لەگەڵ جومعەی برایان) لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ن، و بە کار و سووربوونی خۆیان چیرۆکێکی سەرکەوتنی ئیلهامبەخشیان تۆمار کرد کە لە گوندێکی بچووکی کشتوکاڵییەوە دەستی پێکرد تاوەکو هیوایەک و باڵادەستییەکی زانستی بخوڵقێنێت.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)