تاران – INA
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە میانی گفتوگۆ فەرمییەکانیدا لە تاران، جەختی لە پتەویی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران کردەوە و داوای پەرەپێدانی وەبەرهێنانی هاوبەشی لە بوارە جیاوازەکاندا کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی، سەرپەرشتیی شاندی عێراقی کرد لە گفتوگۆ هاوبەشەکاندا لەگەڵ لایەنی ئێرانی بە سەرۆکایەتی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران؛ لە دیدارەکەدا چەندین پرسی جێی بایەخی هەردوو وڵات تاوتوێ کران، لەوانە دانانی میکانیزمێک بۆ کاراکردنی لێژنەی ئابووریی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران."
زەیدی لە میانی گفتوگۆکاندا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەم سەردانەمان بۆ کۆماری ئیسلامی گوزارشتە لە قووڵیی پەیوەندییەکان و نوێکردنەوەیانە، کە وەک پردێکی خۆشەویستییە لە نێوان هەردوو گەلدا." هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو هاوبەشییە مێژوویی، ئایینی، شارستانی و جوگرافییەی کە هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە: "ئاسایشی هەردوو وڵات هاوبەشە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین هیچ جۆرە هەڕەشەیەک لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر ئێران ئەنجام بدرێت." هاوکات هەڵوێستی مێژوویی ئێرانی لە پشتیوانیکردنی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و داوای کرد وەبەرهێنانی هاوبەش لە کەرتە جیاجیاکاندا پەرەی پێ بدرێت.
لای خۆیەوە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، سوپاسی هەڵوێستی شکۆمەندانەی گەلی عێراقی کرد لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی (سەید خامنەیی*) و ئاماژەی بە قووڵیی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو گەل کرد. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیریی ئەمنی زۆر گرنگە و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر گەشەپێدانی دووقۆڵیی وڵاتان دەبێت، ئاماژەشی بە بوونی دەرفەتی وەبەرهێنانی گرنگ و هاوبەش لە نێوان عێراق و ئێراندا کرد.