بەغدا – INA
دەستەی دەسپاکی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند کە سزای دوو ساڵ زیندانیی توند بۆ پەرلەمانتار حەسەنێن خەفاجی دەرکراوە، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانی هەڕەشە و سەرانەوەرگرتن .
لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە تییدا هاتووە: "دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بڕیاری سزادانی بۆ پەرلەمانتار حەسەنێن خەفاجی دەرکرد، بەهۆی ئەوەی هەستاوە بە هەڕەشەکردن لە سکاڵاکارێک بە ناوی (مستەفا فیعل مشتەت) و داوای بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلاری لێ کردووە."
بەگوێرەی بەیاننامەکە، خەفاجی داوای کردووە کە ٤٠٪ی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "حەورای بەغدا" بە ناوی یەکێک لە کارمەندانی نووسینگەکەیەوە بکرێت، لە بەرامبەر ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دەستوەردان لە ڕێکارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەسپاکی بکات بۆ داخستنی دۆسیەیەکی "هەڵاوسانی سامان" و لادانی گەمارۆی سەر داراییەکانی سکاڵاکارەکە. هەروەها بەڵێنی داوە لە دەستەی وەبەرهێنانی بەغداد دەستوەردان بکات بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "جەوهەرەی بەغدا".
دەستەی دەسپاکی ئاشکرای کردووە کە دادگا بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە پشت بە چەندین بەڵگە بەستووە، لەوانە: دانپێدانانی تۆمەتبارێکی دیکەی دۆسیەکە بە ناوی (ئەنوەر سەباح)، ناوەرۆکی تۆمارە دەنگییەکان، گوتەی شایەتحاڵەکان و وێنەی ئەو گرێبەستەی کە لە نێوانیاندا واژۆ کراوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە کە دادگا ئەو بەڵگانەی بە پێویست و قایلکەر زانیوە بۆ سەلماندنی تاوانەکە، بۆیە بڕیاری دا بە سزادانی پەرلەمانتاری ناوبراو بە دوو ساڵ زیندانیی توند، بەپێی ئەحکامەکانی ماددەی (٤٥٢/١) لە یاسای سزادانی عێراقی.