بەغدا – INA
محەمەد نوری ئەحمەد، وەزیری لاوان و وەرزش بە وەکالەت، دووپاتی کردەوە کە وەزارەتەکەی سوورە لەسەر پشتگیریکردنی کەرتی وەرزش لە هەموو پارێزگاکان و هەوڵدان بۆ لادانی سەرجەم ئەو ئاستەنگانەی بوونەتە هۆی پەککەوتنی پڕۆژە وەرزشییەکان.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی لاوان و وەرزشدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە تییدا هاتووە: "وەزیر پێشوازیی لە محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و شاندێکی وەرزشیی یاوەری کردووە؛ لە دیدارەکەدا باس لە ڕەوشی کەرتی وەرزش لە پارێزگاکە و گرنگترین ئەو ئاستەنگانە کراوە کە ڕووبەڕووی دەبنەوە."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دۆخی دامەزراوە وەرزشییەکانی کەرکووکدا کراوە، بەتایبەت پڕۆژەی یاریگای ئۆڵۆمپیی کەرکووک کە کارەکانی دواکەوتوون ؛ هەردوولا باسیان لە دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تەواوکردنی پڕۆژەکە لە چوارچێوەی خشتەی کاتیی دیاریکراودا.
وەزیری لاوان و وەرزش جەختی کردەوە: "وەزارەت بەردەوامە لە پشتگیریکردنی پڕۆژە وەرزشییەکان لە سەرانسەری وڵات و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، بە ئامانجی دابینکردنی ژێرخانێکی وەرزشیی گونجاو کە برەو بە جووڵەی وەرزشی بدات و شوێنی گونجاو بۆ گەنجان بڕەخسێنێت.