نێودەوڵەتی – INA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە کە ئێران پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە.
ڕوبیۆ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "بەرپرسانی ئێرانی پەیوەندییان پێوە کردووین بە مەبەستی دانوستاندن سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئێستا."
وتیشی: "ئێمە بەگومانین لە سوودی دانوستانەکان، چونکە لایەنی ئێرانی پابەندی بەڵێنەکانی نەبووە"، جەختیشی کردەوە کە "ئێران لە قەیراندایە بەتایبەتی لە سایەی هەڵاوسان و لێکەوتەکانی ئاڵۆزییەکان لەسەر بارودۆخی ئابووری."
ئاماژەی بەوەشکرد "هێرش هەبووە بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریابەندی هورمز و ئێمە بەرگری لە ئازادی دەریانوێنی دەکەین"، ڕوونیشیکردەوە کە "کار دەکەن بۆ سنوردارکردنی توانای ئێران لە بەئامانجگرتنی کەشتییەکان و هەڕەشەکردن لە دەریانوێنی."
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "پێویستە ئێران پابەند بێت بە کردنەوەی دەریابەندی هورمز و دەستەبەرکردنی ئازادی دەریانوێنی"، جەختیشی کردەوە لە "کراوەیی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران و بەردەوامبوون لە بەرگریکردن لە کەشتییەکان و ئازادی دەریانوێنی."
دووپاتیشی کردەوە "ڕێگە نادەین هیچ وڵاتێک دەست بەسەر دەروازە دەریاییەکان و ئاوەکانی جیهاندا بگرێت."
لە کۆتاییدا وتی: "چین هیچ شتێکی نەکردووە کە ڕێڕەوی جەنگ لەگەڵ ئێران بگوڕێت و لە هەندێک کاتدا هاوکار بووە"، ئاماژەی بەوەشدا کە "ئێران جووڵەی بازرگانی لە ڕێڕەوێکی دەریایی گرنگدا دەکاتە ئامانج و وڵاتانێک هەن کە بەهۆی ئەمەوە زیانیان بەردەکەوێت."