بەغدا - INA
ڕاهێنەری یانهی کارەبا ، حەسەن ئەحمەد، جەختیکردەوە کە کەمپی مەشق و ڕاهێنان لە شاری موسڵ، وێستگەیەکی گرنگە لە چوارچێوەی بەرنامەی ئامادەکاری تیپەکە بۆ وەرزی نوێی تۆپی پێ، و ئاماژەی بەوەدا کە تەواوبوونی ڕیزەکانی تیپەکە و گرێبەستکردن لەگەڵ ژمارەیەک یاریزاندا دەرفەتێکی گەورەتر دەداتە دەستەی ڕاهێنەران بۆ گەیشتن بە ئامادەیی پێویست پێش دەستپێکردنی ڕکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق.
ئەحمەد، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (الصباح) کە وکالەی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "کەمپەکەی موسڵ بۆ ماوەی دە ڕۆژ بەردەوام دەبێت، و ئەنجامدانی سێ یاری تاقیکاری لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئامادەیی بەدەنی و ئەندێشەیی (فەنی) یاریزانان و وەستان لەسەر ئاستیان پێش دەستپێکردنی وەرزەکە."
وتیشی "بەرنامەی ئامادەکارییەکە لە دوو یەکەی مەشق و ڕاهێنانی بەیانیان و ئێواران پێکهاتووە، سەرەڕای ئەنجامدانی یاری دۆستانە لە بەرامبەر نەورۆز و نەوتی میسان لە هەولێر، و کەرخ لە دهۆک"، ئاماژەی بەوەشدا کە تیپەکە دوای کۆتایی هاتنی کەمپەکە لە بەغدا بەردەوام دەبێت لە ئامادەکارییەکانی بە ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لە بەرامبەر زەوراء، لەگەڵ ئەگەری ئەنجامدانی یارییەکی تر لە بەرامبەر نەوت یان تەلەبە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەستەی ڕاهێنەران هەوڵدەدات قۆناغی ئامادەکاری بە باشترین شێوە بقۆزێتەوە بۆ دروستکردنی تیپێک کە توانای پێشکەشکردنی ئاستی باڵا و بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتری هەبێت لە وەرزی داهاتوودا."
ههروهها وتیشی "یانهی كارهبا چاوەڕوانی گەیشتنی دوو یاریزانە پیشەگەرە تونسییەکە، خەمیس مەعوالی و ثامر ساڵحی دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، بۆ ئەوەی ڕیزەکانی پێکهاتەکە تەواو بێت دوای ئەنجامدانی ژمارەیەک گرێبەست لەگەڵ یاریزانی پیشەگەر و ناوخۆییدا بۆ بەهێزکردنی تیپەکە."
شایەنی باسە یانهی کارەبا کێبڕکێکانی وەرزی ڕابردووی لە پلەی حەوتەم کۆتایی پێهێنا بە کۆکردنەوەی ٤١ خاڵ.