🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزیری نەوت: ڕێککەوتنەکانی واشنتن بەرهەمهێنان زیاد دەکەن و دەرفەتی کار دابین دەکەن و دیالۆگێکی جددیمان لەگەڵ ئۆپێک هەیە بۆ زیادکردنی هەناردەکردن

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/21 23:20

بەغداد – INA

وەزیری نەوت باسم محەمەد خزیر، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختیکردەوە: کە حکومەت بەپێی دیدگایەکی ستراتیژی هەنگاو دەنێت بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غاز، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو ڕێککەوتنانەی لە کاتی سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئیمزاکراون، بەشدار دەبن لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و دابینکردنی دەرفەتی کار.

وەزیر، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ بەرنامەی "المشهد" لە کەناڵی (عێراقیە نیوز)، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "وەزارەتی نەوت سوورە لەسەر شەفافیەت لە خستنەڕووی زانیارییەکانی لەبەردەم ڕای گشتیدا"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "بوونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق پەیامی دڵنیایی دەنێرێت بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان کە ژینگەی وەبەرهێنان لە وڵاتدا سەرنجڕاکێشە."

وتیشی: "عێراق حەوت ڕێککەوتنی گرنگی لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئیمزاکرد، کە ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای HKNی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرین، و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ بەگەڕخستنی کێڵگەی ڕۆژئاوای قورنە/2 و پەرەپێدانی دوو کێڵگەی ناسریە و بەلەد لەخۆدەگرێت، سەرەڕای ڕێککەوتنێک لەگەڵ کۆمپانیای هالیبەرتۆن بۆ بەڕێوەبردنی تەواوکاریی کێڵگەکانی بن عومەر و سندباد، لەگەڵ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ سوریا سەبارەت بە هێڵی گواستنەوەی نەوتی (حەدیسە – بانیاس)."

ڕوونیشیکردەوە: "بەهای گرێبەست و ڕێککەوتنە ئیمزاکراوەکان لە واشنتن لە کەرتی وزەدا دەگاتە نزیکەی 200 ملیار دۆلار"، جەختیشیکردەوە کە دەرفەتی کار دابین دەکەن و بەشدار دەبن لە زیادکردنی یەدەگی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز، سەرەڕای دابینکردنی دەستکەوتی کۆمەڵایەتی و زەمالەی خوێندن، بە جەختکردنەوە لەسەر ڕاهێنان و ئامادەکردنی هێزی کاری عێراقی.

ئاماژەی بەوەشکرد: کە "لە ئێستادا 22 کۆمپانیای جیهانی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراقدا کار دەکەن، لە نێویاندا کۆمپانیای BP کە کێڵگەی ڕومەیلە بەڕێوەدەبات"، ڕوونیشیکردەوە: کە "سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر خێراکردنی ڕێکارەکانی دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیاکان کردۆتەوە بۆ گەیشتن بە قۆناغی گرێبەستی کۆتایی، بە جۆرێک کە دەستەبەری وەرگێڕانی ئەم گرێبەستانە بکات بۆ ئەنجامێک کە هاووڵاتی هەستی پێبکات".

لە دۆسیەی غازدا، وەزیر جەختیکردەوە: کە "عێراق خاوەنی توانای بەرهەمهێنانی غازە بەڵام هێشتا بەس نییە بۆ تێرکردنی پێداویستییەکانی وزە"، و هیوای حکومەتی دەربڕی بۆ هاتنەدی خۆبژێویی لە غاز تا ساڵی 2030 بەپێی پرۆژە نوێیەکان.

ئاماژەی بە هاتنەدی خۆبژێویی لە زەیتی غاز (گازۆیل) و نەوتی سپی کرد، و بەرهەمهێنانی نزیکەی 30 ملیۆن لیتر بەنزین بە شێوەی ڕۆژانە، لەگەڵ دانپێدانان بە بوونی ئاستەنگ لە ئالیەتەکانی فروشۆشتنی سووتەمەنیدا.

سەبارەت بە ڕێکخراوی ئۆپێک، وەزیری نەوت ڕوونیکردەوە: کە عێراق دیالۆگێکی جددی و کاریگەر لەگەڵ ڕێکخراوەکە دەکات بۆ زیادکردنی ئاستی هەناردەی نەوتی خۆی، و جەختیکردەوە کە "حکومەت سوورە لەسەر بەدەستهێنانی ئەو پشکەی کە مافی عێراقە، بە ڕەچاوکردنی ئەو بارودۆخەی وڵات پێیدا تێپەڕیوە بە هۆی جەنگەکان و تێکدانی ژێرخانەکانەوە."

راشیگەیاند: "توانای گشتیی بەرهەمهێنانی عێراق 4.8 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە"، ئاماژەی بە بوونی دانوستاندن لەگەڵ تورکیا کرد بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی هێڵی جەیهانەوە، و نەبوونی هیچ ڕێگرییەک لە بەشداریی کۆمپانیا تورکییەکان لە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکاندا، لە کاتێکدا پرۆژەکانی هێڵی بۆڕییەکان بەرەو جەیهان و بانیاس بەدیلی جۆراوجۆر بۆ هەناردەکردنی نەوت دابین دەکەن، بەتایبەت دوای ئەو قەیرانەی کە بە هۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق دروست بوو.

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی، وەزیری نەوت ئەوەی لە پالاوگەی بێجی ڕوویدا بە "یاریپێکردن بە سامانی گشتی" وەسفی کرد بە هۆی هەڵبژاردنی کەسانی نەگونجاوەوە، و جەختیکردەوە کە "حکومەت جددییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو ئەزموونانە، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە پالاوگەکە حکومییە و سەربە وەزارەتی نەوتە".

وەزیر بە جەختیشیکردەوە: کە "عێراق بەرەو بازدانێکی گەورەیە لە زیادکردنی تواناکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت، لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو لە پەیکەری وەزارەت و هەڵسەنگاندنەوەی ئاستی کارکردن"، و وتیشی: "حکومەت هیچ سەپاندنێک لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکات، و کۆمپانیا ئەمریکییەکان خاوەنی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ و ئه‌زموونی درێژخایەنن لە پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازدا".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)