🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

ئۆجەلان: لە لێواری گۆڕینی هاوپەیمانی کورد و تورکداین بۆ بناغەیەکی یاسایی

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/21 18:56

شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی ئەمڕۆ سێشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە سەبارەت بەو دیدارەی دوێنێ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامی دا.

ئۆجەلان داوای دامەزراندنی چوارچێوەیەکی یاسایی کردووە کە بتوانێت "هەستیاری" هەموو لایەنکانی پرسەکە لەبەرچاو بگرێت. جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر پێشکەوتنێک لە پرۆسەی ئاشتیدا پێویستی بە کۆدەنگییەکی یاسایی و سیاسی فراوان هەیە.

شاندەکەی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی ڕایگەیاند کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاندووە، تێیدا ئۆجەلان جەختی کردووەتەوە لەسەر پابەندبوون بە بانگەوازەکەی 27ـی مانگی دوو سەبارەت بە چارەسەری ئاشتی.

ئۆجەلان ڕایگەیاندووە، "ئێمە لە لێواری گۆڕینی هاوپەیمانی و یەکگرتوویی کورد و تورکیاداین، کە واقیعێکی مێژوویی لە ئەنادۆڵدا هەبووە و هەرگیز لە هیچ قۆناغێکی گرینگدا نەشکاوە، بۆ بناغەیەکی یاسایی."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئۆجەلان پرۆسەکەی بە دەرفەتێکی مێژوویی ناوبردووە. داوای کردووە، "با واز لە ڕێبازە بچووک و تەسکەکان بهێنین کە خزمەت بە داهاتوو ناکەن، وە پێکەوە ژیانێکی هاوبەش بنیات بنێین."

ئۆجەلان سەرنجی بۆ گرنگی ڕاپۆرتێکی کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی پەرلەمانی تورکیا ڕاکێشاوە. بە پێویستی زانیوە هەمووان بەشداری بکەن لە پرۆسەیەکی یاسایی و دادوەری لەچوارچێوەی ئەو ڕاپۆرتەدا، بە ئامانجی "نەهێشتنی ململانێ و چەکەکان بەتەواوەتی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ".

بەگوێرەی بەیاننامەکە ئۆجەلان داوای کرد، "دەبێت یاسا نەرێنییەکان بگۆڕدرێن بۆ یاسای ئەرێنی؛ مێژوو دەرفەتێکمان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ بنیاتنانی ژیانێکی هاوبەش و کردنەوەی سەردەمێکی نوێ لە یەکسانی و دادپەروەریدا."

ئەندامانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، ئۆزگور ئەرۆڵ و میتحەت سانجاڕ.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)