🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

فەیحان بۆ باڵیۆزی فەلەستین جەخت لە سەقامگیریی هەڵوێستی عێراق دەکاتەوە لە پاڵپشتیکردنی فەلەستیندا

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/20 21:38

بەغدا – INA

ئەمڕۆ دووشەممە، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، بۆ باڵیۆزی دەوڵەتی فەلەستین لە عێراق، سەمەر عەوزوڵڵا، جەختی کردەوە کە عێراق پاڵپشتیکردنی گەلی فەلەستین و سەرخستنی مافە ڕەواکانی لە بنیاتنانی دەوڵەتە سەربەخۆکەیدا کە پایتەختەکەی قودسی شەریف بێت ، بە ئەرکێکی شەرعی، ئەخلاقی و مرۆیی دادەنێت.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، عەدنان فەیحان دلێمی، ئەمڕۆ دووشەممە لە میوانخانەی خۆیدا، پێشوازیی کرد لە باڵیۆزی دەوڵەتی فەلەستین لە عێراق، سەمەر عەوزوڵڵا"، هاوكات ڕوونیکردەوە کە "لە میانی دیدارەکەدا، باسی نوێترین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی ناوخۆیی و دوایین گۆڕانکارییەکانی دیمەنی هەرێمایەتی کرا، بەتایبەت بارودۆخی ئێستای فەلەستین".

فەیحان - بەپێی ڕاگەیەندراوەکە - جەختی کردەوە لەسەر "قووڵایی پەیوەندییە مێژوویی و برایانەکانی نێوان عێراق و فەلەستین، و گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی برا بکات"، و دووپاتی کردەوە کە "عێراق بە سەرجەم دامەزراوەکان و ئاستە فەرمی و جەماوەرییەکانییەوە، پاڵپشتیکردنی گەلی فەلەستین و سەرخستنی مافە ڕەواکانی لە بنیاتنانی دەوڵەتە سەربەخۆکەیدا کە پایتەختەکەی قودسی شەریف بێت ، بە ئەرکێکی شەرعی، ئەخلاقی و مرۆیی دادەنێت".

تێبینیی ئەوەشی خستە ڕوو کە "ئەنجومەنی نوێنەران، لە سۆنگەی بایەخە نەگۆڕەکەیەوە بە پرسی فەلەستین، یاسای بەتاوانناسین و قەدەغەکردنی ئاساییبوونەوەی (تطبيع)ی پەسەند کردووە وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر هەڵوێستی جێگیری عێراق لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی فەلەستیندا".

لەلایەنی خۆیەوە، باڵیۆزی فەلەستین "سوپاس و پێزانینی سەرکردایەتی و گەلی فەلەستینی گەیاندە عێراق، بە حکومەت و گەلەکەیەوە، لەبەرانبەر هەڵوێستە بنەڕەتی و جێگیرەکانی لە پاڵپشتیکردنی پرسی فەلەستیندا".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "باڵیۆز کورتەیەکی لەسەر کۆی بارودۆخی ناوچە فەلەستینییەکان خستە ڕوو، لەگەڵ ئەو بارودۆخە مرۆییە زۆر قورسەی کە گەلی فەلەستین پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش لە ژێر سێبەری بەردەوامبوونی ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی کە ڕووبەڕووی هاووڵاتیانی مەدەنی دەبنەوە".

لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران ڕێنماییداوە بە لێژنە پەرلەمانییە پەیوەندیدارەکان بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان لەگەڵ لایەنی فەلەستینیدا بە مەبەستی پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆیی و دەرمانییە پێویستەکان بۆ کەمکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی گەلی فەلەستین.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)