هەولێر - INA - ئیڤان ناسر
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێمی کوردستان، دابەزاندنی نرخی بەنزینی لە هەرێم ڕاگەیاند، هاوكات بەنزینخانەکانی پابەند کرد بە نرخە نوێیەکانەوە.
ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە نرخەکانی بەنزین دەرکراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و سووککردنی بارگرانی سەر شانی هاوڵاتییان".
ئەوەشی خستە ڕوو کە "ئەم فەرمانە وزارییە لەسەر بنەمای ڕێنمایییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی هاتووە؛ بە ئامانجی کەمکردنەوەی بارگرانی سەر شانی هاوڵاتییان دوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "ئەم فەرمانە وزارییە دەرکراوە و نرخەکانی بەنزینی دیاری کردووە و بەنزینخانەکانیشی ناچار کردووە بە نرخە نوێیەکانەوە".
ڕوونییشی کردەوە کە "بڕیارەکە نرخی بەنزینی بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری کردووە:
بەنزینی حکومی: بەنزینی نۆرماڵ (عادی) کە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دابەش دەکرێت، بە نرخی (750) دینار بۆ یەک لیتر دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا وەزارەت هەوڵدەدات زۆرترین بڕی گونجاو لەم بەنزینە بخاتە بازاڕەوە.
بەنزینی بازرگانی: نرخی بەنزینی بازرگانی (نۆرماڵ) لە سەرجەم بەنزینخانەکاندا نابێت لە (850) دینار بۆ یەک لیتر زیاتر بێت".