بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە ، سەرۆک وەزیران، عەلی زەیدی، لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق، محەممەد کازم ئال سادق، ئەو دۆسیانەی تاوتوێ کرد کە سەردانە فەرمییەکەی بۆ تاران لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لەخۆیان دەگرێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازیی کرد لە باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق، محەممەد کازم ئال سادق"، هاوكات ڕوونیکردەوە کە "لە میانی دیدارەکەدا، باسی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووڵایەنەکانی نێوان هەردوو وڵات، و شێوازەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات، و ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بچەسپێنێت".
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە ئامادەکارییە بەردەوامەکان کرا بۆ ئەو سەردانە فەرمییەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بۆ تاران ئەنجامی دەدات، لەپاڵ تاوتوێکردنی ئەو دۆسیانەی کە سەردانەکە لەخۆیان دەگرێت، بە ئامانجی چالاککردنی هاوکاریی دووڵایەنە و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لەو بابەتانەی کە جێگەی بایەخی هاوبەشن".
لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ڕێنماییداوە بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ تەواوکردنی سەرجەم ئامادەکارییە تەکنیکی و دیپلۆماسییەکان، بە شێوەیەک کە سەرکەوتنی گەشتە سیاسییەکە و بەدیهاتنی ئامانجە ستراتیژییەکانی عێراق لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات.