بەغدا- INA
ئەمڕۆ دووشەممە ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، قاسم عەبوودی، جەختی کردەوە کە عێراق خوازیاری فراوانکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، هاوكات ئاماژەی بەوەشکرد کە کۆنتڕۆڵکردنی چەک و بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی عێراقن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕوونییشی کردەوە کە "ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، قاسم عەبوودی، لە ڕێگەی بازنەیەکی تەلەفزیۆنی داخراوەوە، لەگەڵ فەرماندەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، فەریق ڕامۆن ارمادا، تاوتوێی فراوانکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەیمانەکەدا کردووە لە بوارەکانی ئاسایشی سایبەری، ژیریی دەستکرد، مەشق و ڕاهێنان، ڕاوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان، لە کاتێکدا فەرماندەی پەیمانی (ناتۆ) پیرۆزبایی لە عەبوودی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی".
عەبوودی بە فەرماندەی پەیمانی (ناتۆ)ی ڕاگەیاند کە "عێراق خوازیاری فراوانکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ پەیمانەکەدا بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ ستراتیژییە ئەمنییەکەیدا"، تێبینیی ئەوەشی خستە ڕوو کە "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، خاوەنی دیدگایەکی ڕوونە لە ڕێگەی ئەو بەرنامە حکومییەی کە دامەزراوەکانی دەوڵەت کاری لەسەر دەکەن".
ئەوەشی خستە ڕوو کە "کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ و کرانەوەی عێراق بەڕووی سەرجەم وڵاتانی جیهاندا لەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە ئاسایش و ئابوورییەوە، کاری لەپێشینەی حکومەتی عێراقن".
لەلایەنی خۆیەوە، فەرماندەی پەیمانی (ناتۆ) "بەردەوامیی پاڵپشتیی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دەربڕی لە بوارەکانی مەشق، ڕاوێژکاری و هەر شتێک کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەهێز بکات، بە شێوەیەک کە لەگەڵ دیدگای حکومەتی عێراقدا بگونجێت و لە ڕێگەی ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانییەوە بێت".