🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

بە وێنەوە.. مەوکەبی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێندا (سڵاوی خوای لێبێت) لە کەربەلای پیرۆز دەکات

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/20 19:14

کەربەلای پیرۆز - INA - عەباس ڕەحیمی

ئەمڕۆ دووشەممە، مەوکەبی ناوەندیی هەرێمی کوردستان، گەیشتە پارێزگای کەربەلای پیرۆز بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی سەردانیکردنی چلەی ئیمام حوسێن (سڵاوی خوای لێبێت)، ئەمەش بە بەشداریی دانیشتووانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.

نوێنەری عەتەبەی حوسێنی لە هەرێمی کوردستان، شێخ عەلی قەرعاوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "مەوکەبەکە نزیکەی ١٠ ساڵە بەشدارە لە ڕێوڕەسمەکانی ئەم سەردانیکردنەدا"، ڕوونییشی کردەوە کە "ئەوەی تایبەتمەندی دەدات بە بەشداریکردنی ئەمساڵ، چوونەپاڵی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمە، ئەمەش بەشداربوو لە زیادبوونی ژمارەی بەشداربوواندا".

ئاماژەی بەوەشکرد کە "مەوکەبەکە زوو گەیشتووەتە کەربەلای پیرۆز بۆ ئەوەی دوور بکەوێتەوە لەو قەرەباڵغییە چاوەڕوانکراوەی کە هاوشانی هاتنی ملیۆنان سەردانیکەر دەبێت، و بۆ ئەوەی لە یەکەمین ئەو مەوکەبانە بێت کە بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەکەدا دەکەن".

جەختیشی کردەوە کە "مەوکەبەکە بەشداربووانی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، بە زمان، ئاین و بیروباوەڕە جیاوازەکانیانەوە، لە پەیامێکدا کە بەرجەستەی خۆشەویستی، ئاشتی و یەکڕیزیی نیشتمانی دەکات"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "عێراق ئەمڕۆ بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە لە حەرەمی ئیمام حوسێندا (سڵاوی خوای لێبێت) ئامادەیە".

لەلایەکی دیکەوە، نوێنەری پارێزگای هەولێر، ڕەسوڵ ئەبو خالید بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "دانیشتووانی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، هاتوون بۆ بەشداریکردن لە دروشمە ئاینییەکانی تایبەت بە سەردانیکردنی چلە"، هاوكات دووپاتی کردەوە کە "ئەم بۆنەیە ڕەنگدانەوەی یەکڕیزیی عێراقییەکانە و بەهاکانی برایەتی، خۆشەویستی، جوامێریی عێراقی ، هاوکاری و قوربانیدان لە نێوان ڕۆڵەکانی یەک نیشتماندا بەرجەستە دەکات".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)