بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە ، وەزیری داد، خالید شوانی، ڕێنماییدا بە داڕشتنەوەی پێکهاتەی (هەیکەلییەت) فەرمانگەکانی دادنووس لە بەغدا.
ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە چوارچێوەی دیدگای وەزارەتی داد کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، پەرەپێدانی ژینگەی کارکردن، بەرەنگاربوونەوەی شۆڕبوونەوەی کارگێڕی (الترهل الإداري)، بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێن و خۆپاراستن لە گەندەڵی؛ وەزیری داد، خالید شوانی ڕێنماییدا بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی ڕێکخستن و کارگێڕی، کە گۆڕانکاریی گشتگیر بۆ دادنووسەکان لە بەغدا دەگرێتەوە، بەجۆرێک لە قۆناغی داهاتوودا پارێزگاکانی دیکەش بگرێتەوە، ئەمەش بەشدار دەبێت لە بەرزکردنەوەی کارایی ئەدا و چەسپاندنی شەفافییەت لە کاردا".
ڕوونییشی کردەوە کە "وەزیری داد ڕاسپاردەیەکی داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ ئەدای فەرمانگەکان و پێوانی ئاستی بەدیهێنانی ئەرکەکان تێیاندا، لەپێناو باشترکردنی ئەدای دامەزراوەیی و پەرەپێدانی کوالێتیی ئەو خزمەتگوزارییە دادوەرییانەی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێن".
لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دووبارە ڕێکخستنەوەی کاردا، وەزیر ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە "پێکهاتەی هەندێک لە فەرمانگەکانی دادنووس بەپێی پێویستیی ڕاستەقینە دابڕێژرێتەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی باڵەخانە هەبووەکان و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆیان، بە شێوەیەک کە بگونجێت لەگەڵ ئاڕاستەکانی وەزارەت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی و جێبەجێکردنی سیستمی بەئۆتۆماتیککردن، ئەمەش ژینگەیەکی کاری هاوچەرخ دابین دەکات کە بەشدار دەبێت لە خێراکردنی ڕاییکردنی مامەڵەکان، بەرزکردنەوەی کارایی ئەدا و بەرزکردنەوەی ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێن".