بەغدا- INA
ئەمڕۆ دووشەممە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، حەیدەر عەبوودی، ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی سەردانی ئێران و تورکیا دەکات، هاوكات ئاماژەی بە گرنگیدان بە ڕۆڵی عێراق کرد لە توانایدا بۆ بەشداریکردن لە پاڵپشتیکردنی گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەیییەکان، جەختیشی کردەوە کە قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بڕیارێکی نیشتمانیی سەربەخۆیە.
عەبوودی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند: "سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کۆماری تورکیا دەکات"، ڕوونیشی کردەوە کە "ئەمە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەتی عێراقدایە کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراقە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی دوای ئەو ئەنجامە ئەرێنییانەی کە لەو سەردانە فەرمییەدا بەدەستهاتن کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامی دابوو".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئەم دوو سەردانە لە سۆنگەی پێویستییەکانی هاوسێیەتی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانەوە دێن، و لە گفتوگۆکاندا تیشک دەخرێتە سەر چەندین دۆسیەی دووقۆڵی، لەپاڵ پرسە ناوچەیییەکان لەژێر ڕۆشنایی ئەو پێشهاتانەی ناوچەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت و ئەو هەوڵانەی کە ئامادەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری".
جەختیشی کردەوە کە "گرنگیدانێکی زۆر هەیە بەو ڕۆڵەی کە عێراق دەتوانێت بیگێڕێت لە سۆنگەی پەیوەندییە هاوسەنگەکانی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا، و ئەو متمانە و توانایەی کە هەیەتی بۆ بەشداریکردن لە پاڵپشتیکردنی گفتوگۆ و کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەیییەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکات".
سەبارەت بە دۆسیەی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، عەبوودی ئاماژەی بەوەشکرد کە "دۆسیەی قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا پرسێکی سەروەریی عێراقییە، و حکومەتی عێراق چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ئەم دۆسیەیە بەپێی حوکمەکانی دەستوور و یاسا بەڕێوەدەچێت، و بە بڕیارێکی نیشتمانیی سەربەخۆیە لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا کە ئامانجی چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت و بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسایە"، ڕوونیشی کردەوە کە "ئەمە پابەندبوونێکی نەگۆڕی حکومەتە و لە ڕێگەی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت".