بەغدا - INA- نەسار حاج
ئەمڕۆ شەممە مەزهەر محمد ساڵح، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران، دووپاتیكردەوە كە 48 ڕێككەوتن لەگەڵ واشنتۆن هەنگاوێكە بەرەو بەرزكردنەوەی كرانەوەی ئابووری، هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریكا ڕەنگدانەوەی پاڵنەرەكانی عێراقە بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : ئیمزاكردنی 48 ڕێككەوتننامە و یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن و ڕاگەیاندنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمەریكا نوێنەرایەتی هەنگاوێكی گرنگە لە ڕێگای كرانەوەی ئابووری و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی وەبەرهێنان. لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەری ڕاستەقینەی ئەم ڕێككەوتنانە بەندە بەو ڕادەیەی لە بەڵگەنامەی لێكتێگەیشتنەوە دەگۆڕدرێن بۆ پڕۆژەی كردەیی و جێبەجێكراو.
ئاماژەی بەوەشكرد : لە ڕوانگەی ئابوورییەوە ئەم یاداشتانە ڕەنگدانەوەی خواستی عێراقە بۆ فراوانكردنی بنكەی هاوكاری نێودەوڵەتی و ڕاكێشانی سەرمایەی بیانی، ئەمەش پەیامی ئەرێنی بۆ وەبەرهێنەران و بازاڕە جیهانییەكان دەنێرێت كە ژینگەی وەبەرهێنانی عێراق شایەتحاڵی جوڵەیەك بەرەو سەقامگیری و كراوەیی زیاترە، ساڵح ڕوونیشیكردەوە، هاتنە ناوەوەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان بۆ ناو بازاڕی عێراق بەشدار دەبێت لە گواستنەوەی تەكنەلۆژیا و شارەزایی كارگێڕی و تەكنیكی، بەرزكردنەوەی كارایی كەرتەكانی بەرهەمهێنان، ڕەخساندنی هەلی كار، هەروەها پاڵپشتی هەوڵەكان بۆ هەمەچەشنكردنی ئابووری و كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە كەرتەكانی وزە، پیشەسازی، ژێرخانی ئابووری، پەیوەندییەكان، و خزمەتگوزارییەكان، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم یاداشتانە نیشاندەرێكن بۆ گەشەسەندنی متمانەی نێودەوڵەتی بە توانا ئابوورییەكانی عێراق، بەڵام ئەم متمانەیە تەنها لەو كاتەدا پتەوتر دەبێت كە لەگەڵ چاكسازیی ڕاستەقینەدا بێت لە ژینگەی وەبەرهێناندا، لەوانە ئاسانكردنی ڕێكارە كارگێڕییەكان، بەرزكردنەوەی شەفافیەت، گەرەنتیكردنی پاراستنی وەبەرهێنەران، و دابینكردنی سەقامگیری یاسایی و ئەمنی.
ساڵح ئاماژەی بەوەشدا : وەبەرهێنەرانی بیانی تەنها قەبارەی ڕێككەوتنە واژۆكراوەكان لەبەرچاو ناگرن، بەڵكو توانای دەوڵەتیش لەبەرچاو دەگرن بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی و دابینكردنی ژینگەیەكی سەقامگیری بازرگانی كە توانای بەدەستهێنانی داهاتی پاداشتبەخشی هەبێت، سەركەوتنی ئەم یاداشتانە بەندە بە گواستنەوەی خێرا بۆ قۆناغی جێبەجێكردن و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی كە لەمێژە ڕێگر بوون لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە عێراق، ئاماژەی بەوەشكرد، هاوبەشی گشتی و تایبەت نوێنەرایەتی ڕێبازێكی ئابووری مۆدێرن دەكات كە ئامانج لێی سوودوەرگرتنە لە تواناكانی هەردوو كەرتەكە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی گەشەپێدان، كەرتی گشتی خاوەنی زەوی و ژێرخانی، و چوارچێوەی یاسایی و دامەزراوەییە، لەكاتێكدا كەرتی تایبەت خاوەنی شارەزایی بەڕێوەبردنە، توانای دارایی و داهێنان، هەروەها توانای بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای مۆدێرن، لەڕێگەی ئەم مۆدێلەوە دەتوانرێت پڕۆژەی هاوبەش لە بوارەكانی وزە، كارەبا، گواستنەوە، خانووبەرە، پیشەسازی و خزمەتگوزارییەكان، بەپێی مۆدێلی هاوبەشی گشتی و تایبەت، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر دەوڵەت و زیادكردنی كارایی بەڕێوەبردنی پڕۆژەكان و خێراكردنی تەواوبوونیان.
ساڵح ئاماژەی بەوەشكرد : چاوەڕوان دەكرێت ئەم هاوبەشییانە ئاسۆی نوێ بۆ هاوكاری ئابووری و دارایی بكەنەوە، جا لەڕێگەی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ بێت، چ لە ڕێگەی دارایی هاوبەشەوە، چ لە ڕێگەی دامەزراندنی سندوقی وەبەرهێنانەوە، یان دابینكردنی دارایی پڕۆژەكانی ژێرخانی، هەروەها هاوكارییەكانی نێوان بانكەكان و دامەزراوە داراییەكان بۆ دابینكردنی ئاسانكاری قەرز و گەرەنتی وەبەرهێنان بەرز دەكەنەوە، جەختیشی لەوە كردەوە كە لە ماوەی مامناوەند و درێژخایەندا، ئەم هاوبەشییانە دەتوانن بەشدار بن لە زیادكردنی بەشداریی كەرتی تایبەت لە بەرهەمی ناوخۆیی و هاندانی گەشەی ئابووری، زیادكردنی داهاتی غەیرە نەوت، و بەرزكردنەوەی توانای كێبڕكێی ئابووری عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد : بەدیهێنانی ئەم ئەنجامانە پێویستی بە بەردەوامیی چاكسازییە ئابوورییەكان و پەرەپێدانی چوارچێوە یاساییەكانی ڕێكخستنی هاوبەشییەكان هەیە، هەروەها دەستەبەركردنی شەفافیەت و حوكمڕانی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا، بۆ ئەوەی ڕێككەوتن و یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن بگۆڕدرێن بۆ دەستكەوتی ئابووری بەرجەستە كە كاریگەریی ئەرێنی لەسەر گەشەپێدان و سەقامگیری ئابووری لە عێراقدا هەیە.