رۆژی پێنجشەممە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات دانیشتنێکی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆناڵد بلۆم، کاندیدی پێشنیارکراوی سەرۆک ترامپ بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک ئەنجامدا.
ئەگەر ئەنجومەنی سینات بلۆم پەسەند بکات ئەوا دەبێتە بەرپرسێکی لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە عێراق و سووریا ئێران و تورکیاو وڵاتانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دۆنالد بلۆم دیپلۆماتکارەو نزیکەی سی خزمەتی لە کاروباری دەرەوەی ئەمەریکادا هەیە. ئەو پێشتر باڵیۆزی ئەمەریکا بووە لە پاکستان و تونس، و لە پۆستی دیپلۆماسی لە عێراق و کوەیت میسر و ئەفغانستان کاریکردووە. هەروەها لەسەر مەلەفی وڵاتانی کەنداو و ئێرانیش کاریکردووە
لە وتاری دەستپێکی خۆیدا بلۆم جەختی لەسەر ئەزموونی درێژخایەنی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە باسی عێراقی کرد و وتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی لەگەڵ سەرۆک ترەمپ کۆبۆوە و دووپاتی کردەوە کە پێشوازی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەکات بۆ ئەوەی کاروباریان لە عێراق فراوانتر بکەن."
هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دا بۆ سنووردارکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیکەکانی ئێران،"مایەی دڵخۆشی بوو گوێمان لە زەیدی بێت لە کۆشکی سپی دووپاتی بکاتەوە کە 30ی مانگی نۆ دوا مۆڵەتە بۆ میلیشیا تیرۆریستیەکانی سەربە ئێران چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکەن."
بلۆم جەختی کردەوە کە کاریگەری ئێران لە عێراق بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
سەبارەت بە سووریا، بلۆم وتی دوای ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هەڵگرتنی گەمارۆکان دەرفەتێکی نوێ بۆ گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان درووست بووە.
لە بەشی پرسیار و وەڵامدا، سیناتۆر جین شاهین باسی لە گرنگی بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە دەسەڵاتدا کردو وتی، " هاوبەشکردنی دەسەڵات لە سووریا لەگەڵ هەموو پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە زۆر گرنگە. هەندێک پێشکەوتن لە سووریا هەبووە، بەڵام ڕوونە کە هێشتا کاری زۆر ماوە بۆ ئەنجامدانی."
بلۆم بەڵێنیدا ئەگەر ئەنجومەنی سینات کاندیدکردنی ئەو پەسەندبکات ئەوا کار بکات بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە و پەرەپێدانی هاوکاری زیاتر لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا. لە ئایندەیەکی نزیکدا لیژنەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی دەنگ لەسەر پەسەندکردنی بلۆم دەدات. ئەگەر پەسەندبکرێت ئەوا دەخرێتە بەر دەنگدان لەلایەن تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی سیناتەوە. ئەگەر لەوێش پەسەندبکرێت ئەوا بە فەرمی دەبێتە یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.