بەغدا –INA
عومەر عەدنان وائلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەستی پێکردووە کە تێوەگلاون لە هەوڵێکی قاچاخچێتی لە ڕێگەی تانکەرێکی گواستنەوەی نەوتەوە بۆ ناو خاکی سوریا.
بەپێی بەیاننامەیەکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان،کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : شەوی پێنجشەممە، عومەر وائلی ، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی مەیدانیی ڕەوشەکە ، گەیشتووەتە دەروازەی "وەلید"ی سنووری،و ئەم سەردانە دوای ئەوە هات کە دەسەڵاتدارانی گومرگی سوریا هەوڵێکی قاچاخچێتییان لە ناو یەکێک لە تانکەرەکاندا ئاشکرا کرد کە بەرەو شاری بەندەری بانیاس لە سوریا دەچوو.
وائلی، لەگەڵ گەیشتنی بۆ دەروازەکە رایگەیاند : کە ڕاستەوخۆ دەستکراوە بە وردبینیکردن لە سەرجەم ڕێکارە ئەمنییەکان و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییەکان، تاوەکو هەر کەسێک کەمتەرخەم بووبێت یان تێوەگلابێت، ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.
جەختیشیکردەوە کە دەروازە سنوورییەکان "هێڵی بەرگری یەکەمی عێراقن" و نابێت هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایشی وڵات قبوڵ بکرێت.
وائلی، ووتیشی : پێویستە هەماهەنگییەکی تەواوی لەگەڵ لایەنی سوری هەبێت، بەتایبەت لە ڕێگەی ئەفسەرانی پەیوەندییەوە. داواشیکرد هەر شۆفێرێک (چ عێراقی بێت یان سوری) لەسەر قاچاخچێتی دەستگیرکرا، ڕادەستی عێراق بکرێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە، نەک بەبێ هەماهەنگی ئازاد بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا : کە دەروازەی وەلید بە دەروازەیەکی چالاک دادەنرێت و ڕۆژانە نزیکەی 2000 تانکەر لێیەوە هاتووچۆ دەکەن، بۆیە دەبێت ئاستی هۆشیاریی ئەمنی و هەوڵی هەواڵگری بەرز بکرێتەوە.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی دەستەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی کردنەوەی ئەم دەروازەیە، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەڵام ئەمە نابێت ئاسایشی نیشتمانیی وڵات بخاتە مەترسییەوە.