بەغدا-INA
ئەمڕۆ هەینی،وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق،ڕایگەیاند کە گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمی خورمادا و بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتری ئەم کەرتە،20هەزار نەمامی "شانەیی"یان لە دەرەوە بۆ وڵات هێناوە.
حاتم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی باخەوانی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : وەزارەتەکەیان بە شێوەیەکی ستراتیژی کار بۆ ئەوە دەکات عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ پێشەنگی جیهان لە بەرهەمهێنانی خورمادا،و بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەت پشت بە تەکنەلۆژیای "چاندنی شانەیی" دەبەستێت، چونکە ئەم ڕێگەیە وادەکات لە ماوەیەکی کەم و ڕووبەرێکی دیاریکراودا ملیۆنان نەمام بەرهەم بهێنرێت، لە کاتێکدا شێوازی باو (کۆن) ساڵانێکی زۆری دەخایەند.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم نەمامانە لە تاقیگەکاندا دروست دەکرێن و لە نەخۆشی پاکن، هەروەها دەکرێت ئەو جۆرانە هەڵبژێردرێن کە بەرگەی وشکەساڵی و خوێی خاک دەگرن، ئەمەش وادەکات بەرهەمەکە بەهێزتر و کوالێتیی بەرزتر بێت.
سەبارەت بە مێژووی ئەم پیشەسازییە،حاتم کەریم، ووتیشی : عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا یەکێک بووە لە وڵاتە پێشەنگەکانی ئەم بوارە، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکانی ڕابردوو کەرتی خورما پاشەکشەی کردووە، بەڵام ئێستا حکومەت بە هاوکاریی کەرتی تایبەت و دامەزراوە زانستییەکان، وەک تاقیگە گەورەکەی کازمییە و زانکۆی بەسرە،دەستی کردووەتەوە بە بووژاندنەوەی ئەم کەرتە.
سەبارەت بە هاوردەکردنی نەمامە نوێیەکان، کەریم،ڕوونیکردەوە : کە پێشتر هاوردەکردن بە تەواوی قەدەغە بوو بۆ پاراستنی دارخورمای عێراق لە نەخۆشییەکان، بەتایبەت "سوسەی دارخورما".
بەڵام ئێستا ڕێنماییەکان گۆرانکاری بەسەردا هاتووە،و ڕێگە بە هاوردەکردنیان دراوە، بەڵام بە مەرجی زۆر توند و چاودێریی ورد تا دڵنیابن نەمامەکان تەواو پاکن و هیچ مەترسییەکیان لەسەر دارخورما ناوخۆییەکان نییە.