🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی دەرەوە و کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/17 01:05

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا شەوی چوارشەممە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی دەرەوەی پەسەند کرد. پرۆژە یاساکە ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامبوونی پشتیوانی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی 217 بەرامبەر 209 دەنگ پرۆژەیاسای بودجەی ئاسایشی نەتەوەیی، وەزارەتی دەرەوە و بەرنامە پەیوەندیدارەکان بۆ ساڵی 2027ـی پەسەند کرد. ئەم یاسایە بودجەی وەزارەتی دەرەوە و یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان و کاری باڵوێزخانەکان و بەرنامەکانی تایبەت بە ئاسایشی ئەمەریکا لە جیهاندا دابین دەکات.

پرۆژەیاساکە، بە بەراورد بە ساڵی پێشوو، خەرجی گشتی کەم دەکاتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هاوکارییەکان بۆ هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاری بەرچاویان بەسەردا نایەت. لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیاسایەدا یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل و میسر و ئەردەن بەردەوام دەبێت وە جەخت دەکرێتەوە کە ئێران سەرەکیترین هەڕەشەیە لەسەر ناوچەکە.

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارتی کۆماری دەڵێن یاساکە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا بەهێز دەکات و پشتیوانی هاوپەیمانە ستراتیژییەکان دەکات و هاوکارییەکانی ئەمەریکا زیاتر لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەگونجێنێت.

ماریۆ دیاز باڵارت، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارتی کۆماری وتی، "ئەم پرۆژەیاسایە زۆر ڕوون و ئاشکرایە. ئەگەر هاوپەیمان یان هاوڕێی ئەمەریکا بیت، ئەم پرۆژەیاسایە پشتگیریت دەکات. بەڵام ئەگەر نەیاری ئەمەریکا بیت یان هاوکاری لەگەڵ نەیارانی ئەمەریکا بکەیت، ئەوا ئەم پرۆژە یاسایەت بەدڵ نابێت. ئەم پرۆژەیاسایە هەنگاوی ئایندەیە بۆ بەهێزترکردنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە هەمان کاتدا خەرجییەکانیشمان کەم دەکاتەوە."

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ داوای نزیکەی سی و پێنج ملیارد دۆلاری بۆ خەرجییەکان کردبوو، بەڵام یاسادانەران نزیکەی چل و هەشت ملیاریان پەسەندکردووە. بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو ملیارد دۆلاریان کەمکردوەتەوە. هەرچەندە لەدوو ساڵی رابردوودا یاسادانەران بودجەی زیاتریان لەوەی کە ئیدارەی سەرۆک ترامپ داوایکردووە دابینکردووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشت، بە بەراورد بەساڵانی پێشووتر، ئەم بودجەیەیان کەمکردوەتەوە.

ڕەخنەگران دەڵێن کەمکردنەوە یان بڕینی بودجەی بەرنامە مرۆییەکان دەبنە هۆی لاوازبوونی ڕۆڵی سەرکردایەتیی ئەمەریکا لە جیهاندا و ڕەنگە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی هەبێت.

جەیمز واڵکینشا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارتی دیموکرات، وتی، "هێزی ئەمەریکا لە جیهاندا هەرگیز لەوەدا نەبووە کە ئێمە بێ‌کەموکرتین بەڵکو بە پێچەوانەی نەیارەکانمان، هەمیشە هەوڵمان داوە بە نموونەی باش و بەها خۆمان بەیان بکەین... ئەبێ ڕاستگۆبین بڕینی یارمەتیی دەرەکی هەرگیز بوجەی حکومەتەکەمان هاوسەنگ ناکات. ناتوانیت کێشەی کورتهێنانی بودجە بە بڕینی ئەو بەرنامانەی کە خەرجییەکی زۆر کەمیان هەیە چارەسەر بکەیت. ئەم بابەتە دەربارەی بەهاو ئاسایشی ئەمەریکایە. هەر بۆیە من ناتوانم پشتگیری لەم پرۆژە یاسایە بکەم."

بۆ عێراق و سوریا، گرنگی پرۆژەیاساکە لە پاراستنی بەرنامەکانی ئاسایش و سەقامگیری و دژە تیرۆر ویارمەتی مرۆیی و پشتیوانی لە کەمینە نەتەوەییە ئایینیەکاندا دەردەکەوێت.

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکان پلانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ دەستپێکردنەوەی کاری دیپلۆماسی لە سوریا. لە خەرجی پێشنیازکراو بۆ ساڵی داهاتوو، وەزارەتی دەرەوە داوای زیاتر لە شەست و پێنج ملیون دۆلاری کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی کاری وەزارەت لە سوریا. سەبارەت بە عێراق، پرۆژەیاساکە بودجەی پاراستنی کاری دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمەریکا دابین دەکات.

لە پرۆژەیاساکەدا زیاتر لە پێنج ملیارد دۆلار بۆ یارمەتی مرۆیی نێودەوڵەتی و زیاتر لە شەش ملیارد دۆلار بۆ پرۆگرامەکانی وەبەرهێنان لە ئاسایشی نیشتمانی پرۆگرامەکانی پشتیوانی دیموکراسی تەرخانکرداون. ئەمەش ئەو سەرچاوانەن کە لە ڕابردوودا هاوکارییان بۆ چەندین بواری یارمەتی مرۆیی و دەستپێشخەری کۆمەڵگەی مەدنی و دیموکراسی و هاوکاری کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابینکردووە.

ئەم پرۆژەیاسایە هێشتا نەبووەتە یاسا، لە ڕۆژانی داهاتوودا پرۆژەیاساکە دەنێردرێتە ئەنجومەنی سینات. ئەنجومەنی سینات بڕیاردەدات کە ئایا دەنگ لەسەر دەقەکانی ئەم پرۆژەیاسایە دەدەن یان پرۆژەیاسای خۆیان دەبێت. لە ڕۆژانی داهاتوودا یاسادانەران مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە چۆن هاوسەنگی نێوان بودجە و ئەولەیاتی حکومەت و کۆنگرێس و ڕۆڵی ئەمەریکا لە جیهان ڕابگرن.

ئەگەر ئەنجومەنی سینات بڕیاریدا کە پرۆژەیاسای خۆیان هەبێت ئەوا ئەبێت ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەران دانوستان بکەن لەسەر بەندەکانی پرۆژەیاساکە بۆ ئەوەی هاوتای بکەن چونکە پێویستە لە کۆتاییدا هەردوو ئەنجومەن هەمان دەقی ئەو پرۆژەیاسایە پەسەند بکەن کە دەینێرن بۆ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ واژۆکردن.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)