بەغدا – INA
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری هیوستنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پلانی پڕۆژە مەزنەکانی "شاری وزە"ی لە ناوچەی فاو ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیراندا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ی ناردووە، تێیدا هاتووە: ژووری بازرگانی دوولایەنی عێراقی-ئەمریکی میوانداری سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی کرد لە کۆڕبەندی دیالۆگی ئابووری هاوبەش کە لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تەکساس بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیرانی نەوت و کارەبا و چەند ڕاوێژکارێک و کۆمەڵێک لە نوێنەرانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و بازرگانان و وەبەرهێنەران و کەسایەتییە بانکییەکان، و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و دارایی کردن و ڕاوێژکاری."
لە سەرەتای دانیشتنەکەدا سەرۆک وەزیران وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا پابەندبوونی حکومەتی دووپاتکردەوە بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ڕاکێشانی وەبەرهێنان، هەروەها پلانەکانی بۆ پڕۆژەی "شاری وزە" لە کەناری ئاوی نیمچە دوورگەی فاو لە باشووری عێراق ڕاگەیاند، کە کۆمڵگەی پاڵاوتن و پرۆسێسکردنی نەوت و بەرهەمهێنان و کۆکردنەوەی غاز، وێستگەکانی کارەبا لەخۆدەگرێت و بە بۆرییە ستراتیژییەکانی گواستنەوەی نەوت و ڕێگای گەشەپێدان دەبەسترێتەوە ".
زەیدی هەوڵەکانی حکومەتی دووپات کردەوە بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی هاریکاری عێراق و ئەمەریکا لە کەرتی وزەدا و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق ئەمڕۆ پێویستی بە هاوبەشە نەک بەڵێندەر لەگەڵ دابینکردنی هەموو گەرەنتییەکی پێویست بۆ ژینگەیەکی وەبەرهێنانی پارێزراو و پاڵپشت، هاوکات لەگەڵ چاکسازی دارایی و بانکییدا کە کارئاسانی بۆ کاروباری کۆمپانییەکان و زیادکردنی هەلی کار بکات.
لای خۆیەوە سەرۆکی ژووری بازرگانی دوولایەنی دەیڤید فیلیپس بەخێرهاتنی بەشداریی زەیدی کرد لەو کۆڕبەندەدا، خواستی کۆمەڵگەی بازرگانی لە ویلایەتی تەکساس و هەموو کەرتی تایبەت و کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا لە کەرت و ویلایەتە جیاوازەکان دەربڕی بۆ وەبەرهێنان و هاوکاری لەگەڵ عێراق و سوود وەگرتن لە دەرفەتە ئومێدبەخشەکان لە چوارچێوەی پلانە درێژخایەنەکاندا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و گاز لە کێڵگە پێشکەوتووەکان، جگە لە بەشداری کردن لە گۆڕەپانی وزە.