هەولێر - INA- ئیڤان ناسر
توێژینەوەیەکی زانستیی ورد کە لە زانکۆی سەلاحەدین لە پارێزگای هەولێر ئەنجام دراوە، دەریخستووە کە هەنگوینی هەرێمی کوردستان خاوەنی تایبەتمەندیی چارەسەری و پێکهاتەی بایۆلۆژیی چالاکە، بە جۆرێک کە هاوتای هەنگوینی "مانۆکا"ی نیوزلەندییە کە لەسەر ئاستی جیهان بە ناوبانگە؛ ئەمەش ئاسۆیەکی نوێی بازاڕکردن و ئابووری لەبەردەم بەرهەمی ناوخۆیی عێراق لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەکاتەوە.
پیلان قادر عوسمان، توێژەری پسپۆڕ لە کیمیای خۆراک و خاوەنی توێژینەوەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ماوەی سێ ساڵی بەردەوام کارم کردووە بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی ٥٠ نموونەی هەنگوینی کوردستان، کە لە ناوچە شاخاوییە سەختەکان وەرگیراون تاوەکو هەمەجۆریی سروشتیی سەرچاوەی هەنگەکان مسۆگەر بکرێت."
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرجەم پشکنینە کیمیایی و فیزیاییە تاقیگەییەکان بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی (IHC) لە تاقیگەکانی کۆلێژ و وەزارەتی تەندروستی ئەنجام دراون، و تێیاندا نوێترین تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بەکارهێنراوە بۆ دەستنیشانکردنی کوالێتی و پێکهاتە دەرمانسازییەکانی ناو هەنگوینەکە..
پیلان ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەنجامە تاقیگەییەکان دەریانخستووە کە ١٥ نموونە لە کۆی ئەو ٥٠ نموونەیەی پشکنینیان بۆ کراوە، ئاستێکی یەکجار بەرزی 'دژە ئۆکسان'یان تێدایە کە توانای بەرەنگاربوونەوەی بەکتریا و نەخۆشییە شێرپەنجەییەکانیان هەیە و سیستەمی بەرگریی لەش بەهێز دەکەن؛ ئەم ڕێژانەش هاوتای ئەو ئاستەیە کە لە هەنگوینی 'مانۆکا'ی نیوزلەندیی گرانبەھادا ھەیە." جەختیشی کردەوە کە ئەم توێژینەوەیە لە جۆری خۆیدا لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە و دەنگدانەوەیەکی زانستیی جیهانیی هەبووە دوای ئەوەی لە گۆڤاری (شیکاری و پێکهاتەی خۆراک) سەر بە دامەزراوەی بڵاوکردنەوەی جیهانیی "ئێڵسێڤێر" بڵاوکراوەتەوە.
ئەو توێژەرە هۆکاری کوالێتی و ناوازەیی هەنگوینی کوردستان بۆ سێ خاڵی سەرەکی دەگەڕێنێتەوە، کە بریتین لە: بەرزیی لوتکە چیاکان کە وای کردووە گوڵ و ڕووەکەکان لە پیسبوونی ژینگەیی بەدوور بن، هەمەجۆریی گوڵ و گیا کێوییەکان، لەگەڵ پابەندبوونی هەنگەوانان بە خۆراکی سروشتی و دوورکەوتنەوە لە پێدانی خۆراکی دەستکرد بە هەنگەکان.
هەروەها ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان، کە تێیدا تیشک دەخاتە سەر پۆلێنکردنی "کانزاکان" لە ناو هەنگوینی هەرێمدا، بە مەبەستی زیاتر بەهێزکردنی پێگەی ئەم بەرهەمە لەسەر ئاستی جیهان.
لای خۆشییەوە، جۆشان مەجید ئاسنگەر، ڕاگری کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سەلاحەدین بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ئەم توێژینەوەیە هەنگاوێکی ستراتیژییە و دەبێتە سەرچاوەیەکی زانستیی باوەڕپێکراو بۆ مسۆگەرکردنی کوالێتیی بەرهەمی نیشتمانی." ئاماژەی بەوەش کرد کە ژینگەی شاخاویی هەرێم، زەوییەکی بەپیت و لەبار بۆ بەرهەمە سروشتییەکان دابین دەکات.
ئاسنگەر هیواشی خواست کۆلێژەکە بتوانێت تاقیگەکانی فراوانتر و پەرەپێدراوتر بکات، تاوەکو توێژەران بتوانن سەرجەم تاقیکردنەوەکانیان لە ناوخۆدا ئەنجام بدەن؛ ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی کشتوکاڵ کە لە ئێستادا بایەخێکی حکومیی زۆری پێ دەدرێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، سامان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "زانکۆ پابەندە بە دابینکردنی ژینگەیەکی گشتگیری توێژینەوە بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا، بە مەبەستی بەستنەوەی بەرهەمە ئەکادیمییەکانیان بە بازاڕی کار و بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووری."
ئاماژەی بەوەش کرد کە زانکۆکە خاوەنی چەندین ئەزموونی بەرهەمهێنانی پێشەنگە لە بوارەکانی شیرەمەنی، پەلەوەر، دانەوێڵە و ئالیکدا، و هەوڵێکی جیدی دەدات بۆ گشتگیرکردنی ئەم دەستکەوتە زانستییانە و بەکارخستنیان لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی.