🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی: ئەرجەنتین لە ڕێگەی "هونەرە تاریکەکان" و ٣١ ڕووداوی جێی مشتومڕەوە لە ئینگلتەرای بردەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/16 18:02

بەدواداچوون – INA

یاریی نیوەی کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٦، کە تێیدا هەڵبژاردەی ئەرجەنتین توانی بلیتی یاریی کۆتایی لەسەر حیسابی ئینگلتەرا بەدەستبهێنێت، کەشێکی زۆر ئاڵۆز و ململانێیەکی دەروونی و جەستەیی توندی بەخۆیەوە بینی، کە لە چرکەکانی سەرەتای یارییەکەوە دەستی پێکرد و تا دوای فیكەی کۆتاییش بەردەوام بوو.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تێلێگراف"ی بەریتانی کردووە، کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە "هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا پەنای بۆ ئەوە بردووە کە ناویان ناوە (هونەرە تاریکەکانی یاریکردن)". ڕۆژنامەکە ٣١ ڕووداوی جیاواز و جێی مشتومڕی لە درێژەی یارییەکەدا تۆمار کردووە، کە پێکهاتبوون لە توندوتیژیی جەستەیی، ئیستفزازی زارەکی، پەکخستنی ئەنقەستی یاری و فشاری بەردەوام بۆ سەر ناوبژیوان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئاڵۆزییەکان پێش تەواوبوونی خولەکی یەکەم دەستیان پێکرد، کاتێک ئەلێکسیس ماک ئەلیستەری ئەرجەنتینی بە توندی لە ئیلیۆت ئەندەرسۆنی دا، دوای چەند خولەکێکیش شەڕەچەپۆک لە نێوان جود بێلینگهام و لیاندرۆ پارێدیس دروست بوو، کە پێویستی بە دەستێوەردانی یاریزانانی تر بوو بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەکە.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەرجەنتین ستراتیژیەتی پەکخستنی هێرشەکانی ئینگلتەرای گرتبووە بەر لە ڕێگەی فاوڵی توند و یەک لەدوای یەک؛ وەک لێدانی مۆرگان ڕۆجەرز و ئەندەرسۆن لەلایەن ئینزۆ فێرناندێز و جولیانۆ سیمیۆنییەوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی توندی تۆماس تۆخێلی ڕاهێنەری ئینگلتەرای لێکەوتەوە.

ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر چەند هەڵوێستێکی سەیر، لەوانە داواکردنی یاریزانانی ئەرجەنتین بۆ دەرکردنی هاری کەینی کاپتنی ئینگلتەرا بە کارتی سوور، تەنها لەبەر ئەوەی لە کاتی قسەکردن لەگەڵ ناوبژیوان دەستی بە دەمیەوە گرتووە! هەروەها هەوڵدان بۆ کات کوشتن لە ڕێگەی هاوێشتنی تۆپی زیادە بۆ ناو یاریگا لەلایەن یاریزانانی یەدەگی ئەرجەنتینەوە بۆ تێکدانی هێرشەکانی ئینگلتەرا.

لە گێمی دووەمیشدا گرژییەکان بەردەوام بوون؛ کریستیان ڕۆمێرۆ کارتی زەردی وەرگرت دوای لێدانی بێلینگهام، پاشان ڕۆمێرۆ بە شێوەیەکی ئیستفزازی لەبەردەم جۆردان پیکفۆردی گۆڵپارێزی ئینگلتەرا ئاهەنگی گێڕا. لە خولەکەکانی کۆتاییشدا ئیمیمیلیانو مارتینێزی گۆڵپارێز بە شێوازێکی تاکتیکی کاتی یارییەکەی دەکوژت.

تێلێگراف جەختی کردووەتەوە کە تەنگژەکە دوای فیكەی کۆتاییش کۆتایی نەهات، بەڵکو لە کاتی ئاهەنگگێڕانی ئەرجەنتینییەکاندا شەڕ و پێکدادان لە نێوان یاریزانانی هەردوولا دروست بوو، کە تێیدا دین هێندەرسۆنی گۆڵپارێزی یەدەگ و مۆرگان ڕۆجەرز و جود بێلینگهام تێوەگلان، بەوەش یارییەکە وەک یەکێک لە توندترین و پڕکێشەترین یارییەکانی مۆندیال کۆتایی هات.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)