🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزارەتی داد پڕۆژەی هەمواری یاسای تۆماری خانووبەرەی تەواو کرد و ڕەوانەی پەرلەمانی دەکات

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/16 12:17

بەغدا – INA

وەزارەتی داد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەواوبوونی پڕۆژەی هەمواری یاسای تۆماری خانووبەرەی ڕاگەیاند، بە مەبەستی ڕەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و تێپەڕاندنی ڕێکارە یاساییەکان.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، تێیدا هاتووە: "وەزارەت پڕۆژەی هەمواری یاسای تۆماری خانووبەرەی تەواو کردووە و ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەتی کردووە بە مەبەستی وردبینیکردن و پەسەندکردنی، تاوەکو دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان."

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکان دێت بۆ هاوتەریببوون لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکان لە بواری وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا، بەتایبەت لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستەمی ئۆتۆماتیکی (ئەتمەتە) لە فەرمانگەکانی تۆماری خانووبەرە، ئەمەش دەبێتە هۆی نوێکردنەوەی ژینگەی یاسایی و گونجاندنی ڕێکارەکان لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم.

وەزارەتی داد جەختی کردووەتەوە کە هەموارە پێشنیارکراوەکان بە بەدواداچوونی ڕاستەوخۆی خالید شوانی، وەزیری داد ئەنجام دراون؛ ئامانج لێیان بەرزکردنەوەی کارایی فەرمانگەکان، ئاسانکاری لە ڕێکارەکان و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاووڵاتییان، بە شێوەیەک کە خێرایی لە ڕاپەڕاندنی مامەڵەکان و وردبینی و شەفافییەت لە کاری تۆماری خانووبەرەدا مسۆگەر بکات.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)