مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 16ی مانگی حەوت، میوانداری کۆبوونەوەیەکی وەزاری دەکات سەبارەت بە "بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سیاسی."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکی جیادا ڕایگەیاند مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا میوانداری کۆبوونەوەکە دەکات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە، ئامانج لەو کۆبوونەوەیە بەهێزکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی سیاسی.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تیرۆری سیاسی لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەمەریکا و ئەوروپا و ئاسیا زیادی کردووە، کە خەڵکی سڤیل و کارمەندانی حکومەت و هێزە ئەمنییەکان و ژێرخانی گرینگ دەکاتە ئامانج و مەترسی لەسەر کۆمەڵگە ئازادەکان دروستکردووە.
بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، ئەمەریکا لە مانگی یازدەی 2025وە چوار گرووپی توندڕەوی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کردووە و پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ هەر کەسێک دیاریکردووە بۆ ئاشکراکردنی زانیاری لەسەر تۆڕە داراییەکانیان.
ڕوبیۆ لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە هاوپەیمانان دەکات کە هاوبەشکردنی زانیاری و هەماهەنگی ئەمنی و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ تێکدانی دارایی تیرۆریستان و پاراستنی ژێرخانی گرنگ زیاد بکەن.