واشنتۆن – INA
وەزیری بازرگانی مستەفا عانی، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند: گفتوگۆکانی کۆشکی سپی، جەختیان لەسەر هاوکاریی ئابووری و هاوبەشیی داهاتووی نێوان بەغداد و واشنتۆن کردووەتەوە، هاوكات ئاماژەی بەوەکرد: گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چوونە ناوەوەی عێراق بۆ ڕێکخراوی بازرگانیی جیھانی.
عانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: "یەکێک لە گرنگترین وێستگەکانی ئەم سەردانە، کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی بوو لە نێوان سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، کە تێیدا چەندین مەلەفی تایبەت بە هاوکاری و هاوبەشیی داهاتووی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان تاوتوێ کران، لەگەڵ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی هاوکاری و ئاسانکاری و لابردنی بەربەستەکان لەبەردەم وەبەرهێنەرانی ئەمریکی."
ئاماژەی بەوەشکرد: "شاندی فەرمی حکومەت بژاردەیەک لە بازرگانانی عێراقی لەخۆدەگرێت بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان کەرتی تایبەتی عێراقی و هاوتا ئەمریکییەکەی، هەروەها کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک مەلەفی هاوبەش ئەنجام دەدرێت."
باسی لەوەشکرد: "شاندەکە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەمریکی کۆتایی پێهێناوە، بۆ تاوتوێکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی داهاتوو، بەتایبەت لەو بوارانەی کە خزمەت بە جوتیاری عێراقی دەکەن، بەو پێیەی ڕێککەوتن کراوە لەسەر پێشکەشکردنی بیرۆکەکان بە شێوازێکی ڕوون بۆ لێکۆڵینەوە و کارلێککردن لەگەڵیاندا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەکردەوە لەسەریان."
ڕوونیشیکردەوە: "ئەم کۆمەڵە کۆمپانیایە تایبەتمەندن لە بوارەکانی ئاودێری، گواستنەوە و ئۆتۆمبێل، ڕەنگە هەندێک لە پسپۆڕییەکانیان ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە وەزارەتی بازرگانییەوە نەبێت، بەڵام دەتوانن لە ڕێگەی وەزارەتەوە بەشداربن لە پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دیکەی عێراقدا."
بەردەوام بوو لە گوتەکانی و وتی: "وەزیری بازرگانی سەرۆکایەتی لایەنی عێراقی دەکات لە ئەنجومەنی کارسازانی ئەمریکی - عێراقی لەوەی کە پەیوەستە بە بازرگانانی عێراقی، هەروەها تاوتوێی چالاککردنەوەی ئەو ڕێککەوتنانە دەکرێت کە لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا واژۆ کراون و خستنەبواری جێبەجێکردنیان."
دووپاتیشیکردەوە: "گفتوگۆکان داواکاریی پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانیش بۆ چوونە ناوەوەی عێراق بۆ ڕێکخراوی بازرگانیی جیھانی لەخۆدەگرێت، دوای ئەوەی عێراق سەرجەم ئەو پێداویستیانەی کە لەسەری بوون تەواو کردووە، و چاوەڕوانی بڕیاری ڕێکخراوەکەیە بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر چوونە ناوەوەی."
وتیشی: "چوونە ناوەوەی عێراق بۆ ڕێکخراوی بازرگانیی جیھانی ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ئابووری دەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "عێراق لە ماوەی خولی چوارەمی دانوستانەکان لە ساڵی ڕابردوودا سەرجەم پابەندییەکانی خۆی تەواوکردووە، و تەنیا بڕیاری دەنگدان لەلایەن دەوڵەتانی ئەندامەوە ماوەتەوە."
ئومێدی خۆشی دەربڕی کە "ویلایەتە یەکگرتووەکان هەڵوێستێکی پاڵپشتیکەرانە بنوێنێت بۆ چوونە ناوەوەی عێراق بۆ ڕێکخراوەکە"، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "کەرتەکانی نەوت و وزە گرنگترین تەوەرەکانی ئەم خولە پێکدەهێنن، بەو پێیەی کۆمەڵێک گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەلایەن وەزارەتەکانی نەوت و کارەباوە واژۆ دەکرێن."
لە کۆتاییدا وتی: "سندوقی گەشەپێدان لە گفتوگۆکاندا ئامادەیی هەبوو، کە یەکێکە لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی سەردانەکە، بەو پێیەی چاوەڕوان دەکرێت بەشداربێت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێدا کە تەنیا سنووردار نەبێت بە کەرتی نەوت و وزەوە، بەڵکو بوارەکانی تەکنەلۆجیا و کەرتی دیکەش بگرێتەوە، بەجۆرێک کە ڕێگە بدات بە گواستنەوەی ئەزموون و شارەزایی ئەمریکی بۆ عێراق."