بەغداد - INA
وەزیری نەوت باسم محەمەد خزەیر عەبادی، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند: کە عێراق هەوڵدەدات هاوبەشیی ڕاستەقینەی گەورە لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی جیهاندا ببەستێت، هاوكات ڕوونیکردەوە: هێڵە نوێیەکانی نەوت دوو دەروازەی تر دابین دەکەن بۆ بەهێزکردنی نەرمی لە هەناردەکردندا.
عەبادی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: "عێراق هەوڵدەدات هاوبەشیی ڕاستەقینەی گەورە لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی جیهاندا ببەستێت، هەر بۆیە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەشێکی گەورەیان بەرکەوتووە"، ئاماژەی بەوەشکرد: "سەردانی ئەمڕۆ بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانەی بەخۆیەوە بینیوە."
وتیشی: "لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، هەیە لە ڕاکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکاندا."
عەبادی ئاماژەی بەوەشکرد: "پێش شەڕ ستراتیژیی فرە دەروازەییمان هەبوو بۆ هەناردەکردنی نەوت، چونکە ناکرێت وڵاتێکی وەک عێراق، کە خاوەنی ئەم یەدەگە گەورانەی نەوت و گازەیە، لەسەر تەنیا یەک دەروازە بمێنێتەوە کە ئەویش گەرووی هورمزە"، ڕوونیشیکردەوە: کە "کێشەی ئابووری و کێشەی دارایی ڕێگربوون لە نێوان ئێمە و جێبەجێکردنی بۆرییەکاندا."
ڕوونیشیکردەوە: "ئەمڕۆ هاوپەیمانییەک لە دوو کۆمپانیای ئەمریکی هەیە، کە بریتین لە کۆمپانیای (TI کاپیتال)، و کۆمپانیای (شیڤرۆن)، سەرەڕای کۆمپانیای (UCC)ی قەتەری، و یەکێک لە کۆمپانیا عێراقییەکانیش وەک کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دەچێتە ناو جێبەجێکردنی سیستەمێک لە بەسرەوە بۆ فیشخابور، و بەستراوە بە جیهانەوە، و لقێکیش لە حەدیسەوە بۆ بانیاس."
وەزیری نەوت دووپاتیکردەوە: کە "ئەمە، سەرەڕای دەروازەی گەرووی هورمز، دوو "سی" بۆ هەناردەکردنی نەوت دابین دەکات، کە ئەوانیش لە ڕێگەی جەیهان و لە ڕێگەی بانیاسەوەن."