🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەید حەکیم لە ئەنبارەوە جەخت لەسەر پشتگیریکردنی شایستەکانی شەهیدان و بەهێزکردنی وەبەرهێنان لە سەرچاوەکانی پارێزگاکەدا دەکاتەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/15 12:44

ئەنبار - INA - ئەحمەد دلێمی

سەرۆکی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی سەید عەممار حەکیم، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی شایستەکانی بنەماڵەی شەهیدان و برینداران و بەهێزکردنی وەبەرهێنان لە سەرچاوەکانی پارێزگاکەدا کردەوە، هاوکات پێداگری لەسەر چەسپاندنی یەکڕیزیی نیشتمانی و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئابوورییەکان کرد.

سەید حەکیم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای ئەنبار، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "ئەم سەردانە لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی پارێزگاکانی عێراقدا دێت دوای پێکهێنانی حکومەت، بە ئامانجی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیانی پارێزگاکان و ئاگاداربوون لە بارودۆخ و پێداویستییەکانیان."

ئاماژەی بەوەش کرد کە: "ئەنبار گرنگییەکی زۆری هەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی و ناوچەیی بەهۆی ئەو ڕووبەرە فراوانە و پێگەی ستراتیژییەی کە هەیەتی و عێراق بە ئوردن، سووریا و سعودییەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگی پێدەبەخشێت لە تەواوکاریی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی دراوسێ."

سەید حەکیم دەڵێت: "پارێزگاکە قوربانیی زۆری داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، و بنەماڵەی شەهیدان شایستەی چاودێری و گرنگیپێدانن"، داواشی کرد "ئەو بەربەستانەی کە دێنە ڕێی ڕاپەڕاندنی دۆسیەکانیان لابرێن و دوانەخرێن سەرەڕای ئەو تەحەددییە ئابوورییانەی کە ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە."

ڕوونیشیکردەوە کە: "سەردانەکە سروشتێکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانیی هەیە، و چاوپێکەوتن لەگەڵ حکومەتی خۆجێی، شێخانی عەشایەر، نوخبەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەگرێتەوە، بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی برایەتیی نیشتمانی و گوێگرتن لە خەمەکانی هاووڵاتیان و گەیاندنیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنیان."

جەختیشی کردەوە کە: "عێراق بە قۆناغێکدا تێدەپەڕێت کە پێویستی بە بەهێزکردنی یەکگرتوویی ناوخۆیی و ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا هەیە بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "بارودۆخی ئابووریی ئێستا کە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی هەناردەکردنی نەوتەوە دروستبووە، پێویستی بە هاوکاری و هاوپشتیی نێوان سەرجەم عێراقییەکان هەیە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستا و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و پاڵپشتیکردنی پرۆسەی گەشەپێدان."

لای خۆیەوە پارێزگاری ئەنبار، عومەر مەشعان دەبووس ڕایگەیاند: "پارێزگاکە شانازیی پێوە دەکات کە پێشوازی لە سەید حەکیم کردووە لە سێیەمین سەردانی فەرمیدا بۆ پارێزگاکە"، ڕوونیشیکردەوە کە "سەردانەکە گەواهیدەری تاوتوێکردنی چەندین دۆسیەی گرنگ بوو کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری، ئەمنی و ئابوورییان هەیە."

وتیشی: "سەردانەکە ڕەنگدانەوەی قەبارەی گرنگیپێدانە بە پارێزگای ئەنبار و پارێزگاکانی دیکە"، جەختیشی کردەوە کە "دیدارەکە باسی لە شایستەکانی پارێزگاکە و مافی ڕۆڵەکانی و ڕێگاکانی بەدیهێنانی تەواوکاریی ئابووری و ئەمنی کردووە، جگە لە پشتگیریکردنی ئەو پڕۆژانەی کە پارێزگاکە پێویستی پێیەتی بەهۆی تایبەتمەندییە جوگرافییەکەی و فراوانیی ڕووبەرەکەی و درێژبوونەوەی سنوورەکانی لەگەڵ سێ دەوڵەتدا، سەرەڕای پەیوەستبوونی بە شەش پارێزگای عێراقییەوە."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)