🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەرۆک وەزیران: حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گشتگیر بۆ کەرتی بانک و بیمە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/15 11:02

بەغداد – INA

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختی لەوە کردەوە: حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گشتگیر بۆ کەرتی بانک و کەرتی بیمە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە بە کاتی بەغدا، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتن، پێشوازی لە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سکۆت بێسنت و شاندی هاوڕێی کرد."

بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کاتی دیدارەکەدا جەختی لەوە کردەوە: "عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی جیاوازدایە، کە تێیدا هەوڵدەدات بۆ بنیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز و خاوەن سەروەری، بەدوور لە گەندەڵی، کە خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز و بەردەوام بێت." ئاماژەی بەوەشکرد: "حکومەت بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لە ڕێگەی پاكێجێك لە ڕێوشوێنی گرنگەوە، خستووەتە پێشەنگی کارە لەپێشینەکانی خۆی."

ئەوەشی خستییەڕوو: "هاوڵاتیانی عێراق لە ماوەی ساڵی داهاتوودا هەست بە ئەنجامی ئەم ڕێوشوێنانە دەکەن، کە گۆڕانکاری و باشتربوون لە چەندین دۆسیەدا بەخۆوە دەبینێت، لە سەرووی هەمووشیانەوە وزە و وەبەرهێنان، هاوتەریب لەگەڵ بەهێزکردنی سەقامگیری." هەروەها جەختی کردەوە کە: "حکومەت بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی گشتگیر بۆ کەرتی بانک و کەرتی بیمە، لەگەڵ چاکسازیی باج و گومرگ، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بنیادنانی ئابوورییەکی کاراتر و بەردەوامتر."

هەر بەپێی بەیاننامەکە، لەلایەن خۆیەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سیاسەتی حکومەتی عێراق و ئاڕاستە جدییەکەی دەربڕی بەرەو گواستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوونی سەربازییەوە بۆ وەبەرهێنان، گەشەپێدانی ئابووری و پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی، هەروەها هەنگاونان بەرەو بەدیهێنانی گەشەی ئابووری ڕاستەقینە، لە ڕێگەی سوودوەرگرتنی گونجاو لەو سەرچاوە و توانستە ئابوورییانەی کە عێراق هەیەتی.

بێسنت تەئكیدی لە ئامادەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کردەوە: بۆ یارمەتیدانی عێراق و تواناپێدانی بۆ جێبەجێکردنی پلان و بەرنامە ئابوورییەکانی، و ڕەواندنەوەی ئەو بەربەستانەی کە ڕووبەڕووی گەشەپێدان دەبنەوە، لەگەڵ کارکردن لەسەر دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووری عێراق و بەهێزکردنی ڕێڕەوەکانی چاکسازیی ئابووری و دارایی.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)