🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزیری داد و باڵیۆزی ئوردن تاوتوێی ئەگەری هەموارکردنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دەکەن بۆ ئەوەی گۆڕینەوەی سزادراوان بگرێتەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/14 17:05

بەغداد- INA

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری داد، خالید شوانی، جەختی لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری لەگەڵ ئوردن لە بوارە جیاوازەکانی داد و یاسادا کردەوە.

وەزارەتی داد لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "وەزیری داد، خالید شوانی، لە بارەگای وەزارەت پێشوازی لە باڵیۆزی شانشینی ئوردنی هاشمی لە کۆماری عێراق، ماهیر سالم تەرساونە، کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاریی داد و یاسایی لە نێوان هەردوو وڵاتی برادا،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە دیدارەکەدا باسی ئەگەری هەموارکردنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی واژۆکراوی نێوان عێراق و شانشینی ئوردنی هاشمی کرا، بە شێوازێک کە مەودای هاوکارییەکە فراوانتر بکات تاوەکو گۆڕینەوەی سزادراوان لە نێوان بەغداد و عەممان بگرێتەوە، بەپشتبەستن بە بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ڕیاز و بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکانی هەردوو وڵاتدا، و هاوکاریی یاسایی و مرۆیی نێوان هەردوولا بەهێزتر بکات."

وەزیر جەختی لە "گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هاوکاری لەگەڵ شانشینی ئوردنی هاشمی لە بوارە جیاوازەکانی داد و یاسادا کردەوە، بە شێوازێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەدی بهێنێت و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهێز بکات."

لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئوردن "ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی دادی عێراق، و گەشەپێدانی هاوبەشیی دووقۆڵی بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و گەلی برادا بکات،" هاوكات جەختی لە "پەرۆشیی شانشینی ئوردن کردەوە بۆ فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاریی داد و یاسایی لەگەڵ عێراقدا."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)