🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

لامی: دەستەی دەستپاکی بەردەوامە لە پاراستنی سامانی گشتی

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/14 14:29

بەغداد- INA

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، محەمەد عەلی لامی، جەختی لەوە کردەوە کە دەستەکە بەردەوامە لە پاراستنی سامانی گشتی، هاوکات ئاماژەی بە گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و هاوکاریی یاسایی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای گەندەڵی.

دەستەی دەستپاکی لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، محەمەد عەلی لامی، پێشوازی لە باڵیۆزی کۆماری ڕووسیای فیدراڵ لە عێراق، ئێلبروس کۆتراشێڤ کرد، لە دیدارەکەدا تاوتوێی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی نێوان دامەزراوە چاودێرییەکانی هەردوو وڵات کرا."

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌، لامی جەختی لە "گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوکاریی یاسایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای گەندەڵی" کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە "دەستەکە بە ئیرادەیەکی جیدی و گەشبینییەکی زۆرەوە هەنگاو دەنێت بە شێوازێک کە لەگەڵ تطلعات و خواستەکانی هاووڵاتییاندا بگونجێت بۆ بنبڕکردنی ئەم پەتایە و پاراستنی سامانی گشتی، بە سوودوەرگرتن لەو پاڵپشتییەی کە بەرنامەی حکومەت دابینی کردووە."

هەروەها پەرۆشیی دەستەکەی نیشان دا بۆ "پتەوکردنی هاوکاری لەگەڵ لایەنی ڕووسی، بەتایبەتی لەگەڵ داواکاری گشتیی ڕووسیا، لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی سەردان و ئەزموونەکان و ئاشنابوون بە باشترین ڕێکارەکان لە بواری ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، بەپێی ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە نێوان هەردوولادا واژۆ کراوە."

لای خۆیەوە، باڵیۆزی ڕووسیا ستایشی "ئەو ڕۆڵە سەرەکی و تەوەرەیەی کرد کە عێراق لەسەر ئاستە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا دەیگێڕێت"، هاوكات پێزانینی خۆی بۆ "هەوڵەکانی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا" دەربڕی.

خۆشحاڵیی خۆشی نیشان دا بەو پەیوەندییە بەردەوامەی کە لە نێوان لایەنە چاودێرییەکانی ڕووسیا و عێراقدا هەیە، ئاماژەی بە "گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانی نێوان هەردوولا" کرد.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)