هەولێر – INA – ئیڤان ناسر
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان، دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بۆ مانگی حوزەیران لە حسابی بانکیی خۆیدا ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا مووچە خەرج دەکرێت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە: "بانکی ناوەندیی عێراق بڕی 841,161,000,000 دیناری خستووەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستانی عێراق".
ڕوونیشی کردەوە کە "دوای تەواوکردنی ڕێوشوێنەکان و وەرگرتنی بڕە پارەکە بە شێوازی نەختینەیی (کاش) لە لقی هەولێری سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە، و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت".