د. عەدالەت عەبدوڵڵا
حەز بکەین یان نا، یەکێک لە بنەماکانی چالاکیی سیاسی لە مێژووی نوێدا، بەتایبەت دوای جەنگی جیهانیی دووەم، واقیعبینی (Realism) و دەست پێوەگرتنیەتی، بەتایبەت لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەم ڕێبازە، لە مێژەوە، خاوەنی قوتابخانە و فەلسەفەی تایبەتی خۆیەتی، و لە ڕێگەی مۆدێلە فیکرییە جیاوازەکانەوە، لە قۆناغ و سەردەمە جیاجیاکاندا، لەلایەن بیرمەندانی بواری سیاسەتەوە تیۆریزە کراوە، وەک: نیکۆلا ماکیاڤیلی، تۆماس هۆبز، سۆسیدیدس، ئێدوارد هالێت کار و کەسانی دیکە، و وەک یەکێک لە پێویستییەکانی کاری سیاسی و حوکمڕانی سەیر کراوە.
واقیعبینی، لە سادەترین پێناسەیدا بریتییە لە: مامەڵەکردن لەگەڵ واقعدا وەک خۆی هەیە، نەک وەک ئەوەی کە دەبێت هەبێت. لەم ڕوانگەیەوە، زۆرجار هێز، بەرژەوەندیی نیشتمانی، هاوسەنگیی هێزەکان، ئاسایش و ڕێگری، بزوێنەری بنەڕەتیی زۆرێک لە ڕەفتارە سیاسییەکانن، و بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم چەمکانە، ممارەسەکردنی سیاسەت زۆرجار دەبێتە هۆی کەمکوڕی، ئەگەر نەشڵێین سەر دەکێشێت بۆ شکست.
لە گۆشەیەکی دیکەوە، ڕێبازی بەستنەوەی ڕەهای سیاسەت بە بنەما ئەخلاقییەکان، یان ئایدۆلۆژیاکان، یان تەنیا بە ماف و شەرعیەت، یان بەو یاسا نەریتییانەی کە کایەی سیاسییان پێ بەڕێوە دەچێت، زۆرجار ئەنجامی پێچەوانە دەداتەوە، مەگەر لە حاڵەتی دەگمەندا. واتە لەبری ئەوەی هەڵوێست و بڕیارە سیاسییەکان ئەو ئامانجە بپێکن کە مەبەستمانە، دەبنە هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوەی زیاتر لەو ئامانج و ستراتیژییانەی کە داڕێژراون.
ئەگەر لەم ڕووەوە نموونەیەکی سادە بهێنینەوە، دەتوانین ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان کورد و بەغدا بکەین، و نێوان کورد و ئەو دەوڵەتە جیاوازانەی دیکە کە کوردستان تیایاندا ڕەنگ دەداتەوە. واقیعبینیی سیاسی لێرەدا بریتییە لە دانپێدانان بەوەی کە ئەم دەوڵەتانە خاوەنی سنوورگەلێکی نێودەوڵەتین کە لەسەر ئاستی جیهانیدا دانیان پێدانراوە، بەڵام نموونەیی (ئایدیالیزم)ی سیاسی، بگرە هەڵەی کوشندە، لەوەدا کورت دەبێتەوە کە مرۆڤ هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا ڕەت بکاتەوە، ئەمەش لە ڕوانگەی چەمکە ئایدۆلۆژی یان ئەخلاقییەکانەوە کە پێیان وایە ئەو دەوڵەتانە کوردستانیان داگیرکردووە، و هەر پەیوەندییەک لەگەڵیاندا بە جۆرێک لە خیانەت دادەنرێت.
لەبەر ئەوەی واقیعبینیی سیاسی چاوی لەسەر واقیعە وەک خۆی هەیە، نەک وەک ئەوەی ئاواتی بۆ دەخوازرێت، هەمیشە نموونەییی سیاسی دەخاتە ژێر پرسیارە سەختەکانەوە. لەم نموونە سادەیەی کورد و پەیوەندییە هەرێمییەکانیدا، پرسیار دەکات: ئەی بژاردەی ئامادەی دیکە چییە، بێجگە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا؟
ڕەنگە وەڵامەکە لێرەدا دیسان بە لۆژیکێکی نموونەیی (ئایدیالیستی) بێت، واتە یەکخستنی سەرجەم بەشەکانی کوردستان، بەڵام بەبێ ڕەچاوکردنی پێداویستی، مەرج و تواناکانی ئەم یەکگرتنە، یان ڕادەی شیاوی جێبەجێکردنی و چۆنیەتییەکەی، و بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەرجەم تەحەددی، کۆسپ، و هۆکارە خودی و بابەتییەکان، کە تێپەڕاندنیان پێویستی بە خەباتێکی سیاسی، فیکری، ڕۆشنبیری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی یەکجار قورس و دژوار هەیە، بێ ئەوەی لە کۆتاییدا، هیچ دەستەبەرێکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ سەرکەوتنی ئەم شێوازە جیاوازانەی خەبات، کە خودی کورد خۆی ماوەی 100 ساڵە تاقی دەکاتەوە. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی کە خەباتێکی ناشەرعی بووبێت، نەخێر، هەرگیز، بەڵکو لەبەر ئەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەرژەوەندیی دەوڵەتە زلهێزەکان، پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتە داگیرکەرەکان، و فرەجەمسەریی سیاسیی گەورە لە جیهاندا، هەموویان پێکەوە و بە جیا، لە دژی هەر ئیرادە یان سیناریۆیەکی ئەم خەباتانە دەوەستنەوە. بگرە هاوکێشەکانی هاوسەنگیی هێز، ئاسایشی نەتەوەیی، بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەو دەوڵەتانە، سیاسەتەکانی ڕێگری، پەیڕەوکردنی هەڵمەتەکانی پڕوپاگەندە، و ناوزدکردنەکان (وەک "تیرۆریستان" بۆ نموونە، یان "یاخیبووان")، کە هەموویان کۆڵەکەی بەهێزی کارکردنن بە واقیعبینیی سیاسی، دان بە مافی شەرعیی کورددا نانێن لەو خەباتانەدا و پشتگیریشی ناکەن، بەڵکو دژایەتیشی دەکەن.
بە مانایەکی سادەتر، ئەو دەوڵەتانەی کە خاکی کوردستانیان تێدا هەڵکەوتووە، و دەوڵەتە زلهێزەکانیش بە هەمان شێوە، باش دەزانن کە کورد نەتەوەیەکی ڕەسەنە لە ناوچەکەدا و مافی خۆیەتی قەوارەی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵام بە فەلسەفەیەکی پراگماتی و واقیعبینیی سیاسی، بارودۆخێکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییان ڕەخساندووە کە مافی کورد لە یەکگرتن، هەڵگرتنی سنوورەکانی نێوان بەشەکانی کوردستان، و دانپێدانان بە هەر سەربەخۆییەکی سیاسیی ئەم نەتەوەیە، دەکاتە هێڵی سوور و قەدەغەکراوێکی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا.
ئەوان درک بەوەش دەکەن کە کورد لە مێژووی خۆیدا لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت دوای ڕێککەوتننامەی سایکس - بیکۆ (1916ز) و کۆنفراسی سان ڕیمۆ (1920ز) و دەرکەوتنی ڕەوتی بیری نەتەوەیی لە ناوچەکەدا، چەندین بژاردەی دیکەی لەبەردەمدا نەبووە جگە لە دەست پێوەگرتنی شۆڕشی چەکداری و خەباتی ڕزگاریخوازی نیشتمانی، کە ئەوەش بژاردەیەکە ئەوان لە پێشەوە دەزانن، لە ڕوانگەی هاوسەنگیی هێزەوە کە کۆڵەکەی واقیعبینیی سیاسییە، تووشی شکست دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بگوترێت خەباتی کوردستان-عێراق گەیشتە ڕادەی ڕوودانی ڕاپەڕینی گشتیی (1991ز) و ڕزگاربوون لە ستەمکاری، ئەوا پێویستە ئەو ڕاستییە بزانیت کە لە پشت ئەوەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەمە بە پلەی یەکەم بەستراوەتەوە بە کودەتای پارتی بەعسی عێراقی (1968 - 2003 ز) بەسەر بنەماکانی واقیعبینیی سیاسیدا، و پابەندنەبوونی بەو هاوکێشە نێودەوڵەتییانەی کە دەوڵەتە زلهێزەکان بۆ ناوچەکەیان داناوە، و ڕێک لەبەر ئەم هۆکارە ڕووبەڕووی "گەردەلوولی بیابان" بووەوە، و دابینکردنی ناوچەی ئارامیش بۆ کورد لە عێراقدا لەم چوارچێوە سنووردارە تایبەتەدا هات.