🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

هەولێر پێشه‌كه‌وتنی بەرچاو لە ڕێژەی كاری جێبەجێکردنی ڕێگای ستراتیژیی (هەولێر - کۆیە) ڕادەگەیەنێت

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/13 01:47

هەولێر -INA- ئیڤان ناسر حەسەن

پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەدیهێنانی ڕێژەیەکی بەرچاوی لە قۆناغەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژی و نێودەوڵەتیی ڕێگای (هەولێر - کۆیە) ڕاگەیاند. جەختیشی کردەوە کە کارەکان بە شێوازێکی خێرا و بە شەو و ڕۆژ بەردەوامن بۆ تەواوکردنی ئەم شادەمارە گرنگە کە هەردوو شارەکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "پڕۆژەکە گەیشتووەتە قۆناغی زۆر پێشکەوتوو و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ژێرخانەکەیدا بەخۆیەوە بینیوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە "تیمە ئەندازیارییەکان کارەکانی چەندین كۆپیری کۆتایی پێهێناوە و ئێستا ئامادەن بۆ بەکارهێنان."

خۆشناو ئه‌وه‌یش وت كه‌"ئێستا کارکردن لە جێبەجێکردنی پردە سەرەکییەکانی سەرەوەی پڕۆژەکە بە خێراییەکی زۆر بەردەوامە، و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەم مانگە بە تەواوی کۆتاییان بێت." هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە "بەشێکی زۆری ڕێگاکە بە سێ چینی پێوانەیی قیرتاو کراوە، لەگەڵ دەستپێکردنی قیرتاوکردنی بڕگەیەکی پان و بەرفراوانی تر، کە هیوادارم ئەویش پێش کۆتایی ئەم مانگە تەواو بێت."

سەبارەت بە گرنگیی ئابووری و خزمەتگوزاریی پڕۆژەکە، پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردەوە: "ئەم ڕێگایە کە درێژییەکەی ۳۷ کیلۆمەترە، لەکاتی تەواوبوونیدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ماوەی گەشتکردن لە نێوان هەولێر و کۆیە بە نزیکەی ۲۰ تا ۲٥ خولەک. جگە لەوەی کە ڕێگاکە لە یەکڕێتییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕێگایەکی خێرای دووساید ئۆتۆوبان، ئەمەش ئاستی سەلامەتیی هاتووچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە و ڕووداوەکانی هاتووچۆ کەم دەکاتەوە."

لە کۆتاییدا خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد:"پڕۆژەکە لە ڕووی جێبەجێکردنەوە خەسڵەتێکی نیشتمانیی هەیە، چونکە سەرجەم کارەکان بە دەست و شارەزایی ئەندازیاری و هێزی کاری ناوخۆیی بە تەواوی ئەنجام دەدرێن،" و ئەمەش بە "نموونەیەک بۆ توانای کارامەیی ناوخۆیی لە بەدیهێنانی پڕۆژە ستراتیژییەکان بە کوالێتییەکی بەرز" لەقەڵەم دا.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)