ڵینزی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆماری نزیک لە دوناڵد ترامپ کە ئێوارەی شەممە،11ی مانگی حەوت کۆچی دوایی کرد، لای زۆرێک لە کوردان لەگەڵ پاڵپشتی سیاسی و سەربازیی ئەمەریکا بۆ کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق و هێزە کوردییەکان لە سوریا ناسراوە.
ناوبراو هەرچەندە بە درێژایی ژیانی سیاسی خۆی داکۆکی لە سیاسەتێکی دەرەوە کردووە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دامەزراوە، بەڵام لە کاتە هەستیارەکاندا یەکێک لە کاریگەرترین داکۆکیکارانی کورد لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بووە و وەک یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی واشنتن ناوی کوردی هێناوە.
لە شەڕی داعشەوە تا نزیکبوونەوە لە کورد
خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی گراهام لەگەڵ کورد شەڕی داعش بوو. ناوبراو چەندین جار هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ی وەک کاریگەرترین هاوپەیمانی ئەمەریکا لە تێکشکاندنی داعشدا ناوبردووە و و باوەڕی وابوو نابێت واشنتن دوای کۆتایی هاتنی شەڕ دەستبەرداری ئەو هاوپەیمانانە بێت.
لیندسی گراهام یەکێک بوو لە چالاکترین سیناتۆرەکان لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا.
گراهام لە لوتکەی شەڕی داعشدا، پشتگیری لە پڕۆژە یاسایەک کرد لە کۆنگرێس کە ڕێگەی بە حکومەتی ئەمەریکا دەدا چەک و کەرەستە و مەشقی سەربازی ڕاستەوخۆ پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کورد بکات، هەنگاوێک کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە حکومەتی ناوەندی عێراق بوو بۆ یارمەتییە سەربازییەکان و بەهێزکردنی توانای پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. گراهام لەو کاتەدا پێشمەرگەی بە "متمانەپێکراوترین هاوبەشی سەربازی ئەمەریکا لە عێراق" ناودێر کرد.
پشتگیرییەکانی گراهام بۆ هەرێمی کوردستان لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ داعش بەردەوام بوو. گراهام چەندین جار لەگەڵ مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە و جەختی لەسەر بەردەوامی هاوبەشی ستراتیژی واشنتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.
دوایین کۆبوونەوەی فەرمی گراهام لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بوو لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە مانگی دووی ئەمساڵ. لە دیدارەکەدا گراهام و شاندی کۆنگرێسی ئەمەریکا جەختیان لەسەر بەردەوامی پاڵپشتی واشنتن بۆ هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پاراستنی سەقامگیریی عێراق و پاڵپشتیکردنی مافەکانی کوردانی سوریا کردەوە.
دژایەتی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا
لە مانگی نۆی ساڵی 2019 کاتێک دۆناڵد ترامپ بڕیاریدا بەشێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوا بکشێنێتەوە، گراهام یەکێک بوو لە یەکەم کۆمارییەکان کە بە ئاشکرا دژایەتی ئەم بڕیارەی کرد.
هۆشداریشی دا کە کشانەوەی ئەمەریکا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش و سەرهەڵدانەوەی نفوزی ئێران و ڕووسیا و وازهێنان لە هاوپەیمانە کوردەکانمان و تەنانەت بڕیارەکەی بە "کارەسات" ناودێر کرد.
پێشنیاری سزاکانی سەر تورکیا
دوای ئەوەی تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی لە ڕۆژئاوا دەستپێکرد، گراهام لەگەڵ کریس ڤان هۆلن سیناتۆری دیموکراتەکان پلانێکی بۆ سەپاندنی سزای توند بەسەر تورکیادا خستەڕوو.
ئەو ڕایگەیاند زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێس پێیان وایە وازهێنان لە کورد کە هاوپەیمانی بەهێزی ئێمە بوون لە دژی داعش، هەڵەیە.
چەند ڕۆژێک دواتر پشتگیری لە سزاکانی ئیدارەی ترامپ کرد بۆ سەر ئەنقەرە و جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ئەمەریکا ڕێگە بدات هێزە کوردییەکان ببنە قوربانی ململانێکان.
هەوڵدان بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراو
گراهام لە درێژەدا داوای دروستکردنی "ناوچەیەکی پارێزراو"ی لە باکووری سوریا کرد؛ بوارێک کە هەم چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا بکات و هەمیش ڕێگری بکات لەوەی کە ناوی لێنا "پاکتاوکردنی نەتەوەیی دژی کوردەکان."
هەروەها پێشنیاری کرد کە هێزێکی نێودەوڵەتی ئەرکی پاراستنی ناوچەکەی پێ بسپێردرێت و ئەمەریکا پاڵپشتی ئاسمانی پێشکەش بکات.
گراهام سەرەڕای ئەوەی هەمیشە وەک "دۆستی کورد" بووە، بەڵام هەمیشە هەوڵی داوە ئەم پشتیوانییە هاوسەنگ بکات لەگەڵ پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ تورکیا.
لە مانگی یەکی ساڵی 2019دا بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا سەبارەت بە هەندێک لە کێشەکانی کوردی سووریا چارەسەر بکرێن و وتی هەر چارەسەرێکی سیاسی دەبێ هەم ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا و هەم بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانی مسۆگەر بکات.
پڕۆژە یاسای پاراستی کورد
پشتیوانی ڵینزی گراهام بۆ کورد تەنها لە شەڕی داعشدا نەبوو. یەکێک لە دوایین کارە سیاسییەکانی خستنەڕووی پڕۆژە یاسایەکی دوولایەنە بوو بە ناوی "یاسای پاراستنی کورد" کە لە مانگی یەکی ساڵی 2026دا لەگەڵ سیناتۆری دیموکراتەکان ڕیچارد بلومێنتاڵ لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا پێشکەشی کرد. پڕۆژەکە لە کاردانەوە بە پەرەسەندنی شەڕ لە ڕۆژئاوا و هێرشەکانی سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) داڕێژرابوو.
بەگوێرەی ئەو پڕۆژەیاسایە، حکومەتی ئەمەریکا پێویست دەبوو سزا بەسەر بەرپرسانی حکومەتی سوریا و دامەزراوە داراییەکانی سەر بە خۆی و هەروەها ئەو کەسانە یان گروپانەی کە پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی کورد دەکەن، بسەپێنێت. لە پڕۆژە یاساکەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک یەکێک لە گرنگترین هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە شکستپێهێنانی داعشدا باسکراوە و جەخت لەسەر پێویستی پاراستنیان کراوەتەوە.
گراهام لە ناساندنی پڕۆژە یاساکەدا وتی "پشتیوانییەکی بەهێزی دوولایەنە هەیە بۆ پاراستنی کورد، چونکە ئەوان یەکێک بوون لە متمانەپێکراوترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا." هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر هێزە کوردییەکان نەک هەر دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی داعش، بەڵکو زیان بە متمانەی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیش دەگەیەنێت.
ئەم دەستپێشخەرییە دوایین هەنگاوی گەورەی گراهام بوو بۆ بەرگریکردن لە کوردەکانی سوریا و جارێکی دیکە نیشانی دا کە تا مانگەکانی کۆتایی ژیانی سیاسی خۆی پشتیوانی لە کورد بە بەشێک لە سیاسەتی ناوچەیی ئەمەریکا زانیوە.