🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

عومان و قەتەر هێرشەکانی ئێران سەرکۆنه دەکەن

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/12 16:23

حکومەتی عومان ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا هێرشی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر خاکەکەی سەرکۆنە کرد.

عومان لە ڕیزی ئەو وڵاتانەی کەنداودا بوو کە لەگەڵ قەتەر، کوێت، بەحرەین و ئیمارات بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرانە ئامانج.

ئەم هەواڵانە کەمێک پاش هەواڵی گەشتی عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هات کە ڕاگەیاندرا ناوبراو بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی تەنگەی هورمز لەگەڵ بەرپرسانی عومان کۆبووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عومان لە کەناڵی ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە عومان ئەم هێرشە سەرکۆنە دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە قەتەر کە هەوڵی داوە ڕۆڵی نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمەریکا لە کاتی شەڕ و دوای شەڕەکە بگێڕێت، هێرشە نوێیەکانی ئێرانی سەرکۆنە کرد و بە "گرژی مەترسیدار" ناوی برد.

لە هەمان کاتدا، دوابەدوای هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر دوو کەشتی لە کەنداو، هیندستان پشتڕاستی کردەوە کە یەکێک لە 11 کارمەندی کەشتییەک کە زیانی پێگەیشتووە و سەرنشینەکانی ناچار بوون چۆڵ بکەن، بێسەروشوێنە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری وەزارەتی دەرەوەی هیندستانەوە بڵاویکردووەتەوە لە کۆی 11 هاووڵاتی هیندی کە لەناو کەشتییەکەدا بوون، 10 کەسیان ڕزگارکراون و یەکێکیان تا ئێستا بێسەروشوێنە.

هێرشەکە بۆ سەر کەشتی بازرگانی و بارهەڵگری جی ئێف ئێس گاڵکسی JFS Galaxy لە دووری 17 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی عومان ڕوویدا و زیانەکانی ژووری بزوێنەری کەشتییەکە ئەوەندە زۆر بوون کە تیمەکەی ناچاربوون بە بەلەمی ڕزگارکەر کەشتییەکە جێبهێڵن.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی هیندستان لە بەیاننامەکەیدا هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی بە "بە قووڵی نیگەرانکەر" ناوبرد و داوای کۆتایی بەو جۆرە کردەوانە کرد.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)