🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

دوو ئەندامی سوپای پاسداران لە مەشهەد کوژران

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/11 20:53

سوپای پاسداران، دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە تەقەکردن لە ڕۆژی ناشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کوژراوی ئێران، لە مەشهەد، ڕۆژی شەممە پشتڕاستی کردەوە کە دوو ئەندامی هێزی بەسیج لەلایەن کۆمەڵێک "هێرشبەرەوە" کراونەتە ئامانج و کوژراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پاسداراندا ئاماژە بە ڕێکەوتی ڕووداوەکە نەکراوە بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە ، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ناشتنی خامنەیی لە مەشهەد، کۆمەڵێک راپۆرت سەبارەت بە تەقەکردن لە هەندێک هێزی سەربازی بڵاو کرابوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دوو ئەندامی بەسیج بە ناوەکانی "سەید سەجاد عەلەوی" و "مەهدی هونەرمەند"، لە دەوروبەری مەیدانی سەرفرازانی مەشهەد، لە کاتی گەشتکردندا کراونەتە ئامانج.

ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی هەینی، جێگری کاروباری ئەمنی و پۆلیسی پارێزگاری خوراسانی ڕەزەوی، کوژرانی دوو کەسی لە ناوچەی سەرفەرازانی مەشهەد پشتڕاست کردبووەوە، بەڵام گوتبووی ڕووداوەکە "تێکهەڵچوونێکی چەکداری" بە "هۆکاری کەسی" بووە.

پێشر هەواڵدەریی "میزان"، سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی نووسیبووی کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، سەرەتا دوو کەسی مەدەنی لەگەڵ یەکتر تێکهەڵچوون و یەکێکیان کوژراوە؛ پاشان بە دەستێوەردانی کەسێکی سێیەم، کەسی دووەمیش گیانی لەدەست داوە.

بەم شێوەیە، دوو گیڕانەوەی جیاواز سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووداوەکە خراونەتە ڕوو؛ لایەنێکی حکومەتی سەرەتا باسی تێکهەڵچوونێک بە هۆکاری کەسی کردووە، لە کاتێکدا سوپای پاسداران دواتر گوتوویەتی دوو ئەندامی بەسیج لە کاتی گەشتکردندا لەلایەن "هێرشبەرێکەوە" کراونەتە ئامانج.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)