بەغداد - INA
بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی بابل، ئەمڕۆ هەینی، دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری بیانی و دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 2 کگم ماددەی هۆشبەری کریستاڵی راگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، هاتووە: "لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا کە بە وردی و لێهاتووییەوە ئەنجامدران، و پشتیان بە هەوڵێکی هەواڵگریی ئاستبەرز بەستبوو، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای بابل توانی دوو تۆمەتباری خاوەن ڕەگەزنامەی بیانی دەستگیربکات، کە بڕی 2 کگم و 200 گرام ماددەی هۆشبەری کریستاڵیان پێبووە و دەستی بەسەردا گیراوە".
بەیاننامەکە ڕوونکردنەوەی داوە کە: ئۆپەراسیۆنەکان دوای بەدواداچوونی هەواڵگری و چاودێریکردنی جووڵەی تۆمەتبارەکان و دەستگیرکردنیان جێبەجێ کران.
ئاشكراشیكرد: ڕێوشوێنە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتباران گیراونەتەبەر و ڕەوانەی دادگا کراون.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە پێشوەختەکانی دەکاتەوە بۆ ڕاوەدوو نانی بازرگانانی ئەم ژەهرە، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان، بڕینی هێڵەکانی دابینکردنی بازرگانییەکەیان و وشککردنی سەرچاوەکانیان".