بەغداد – INA – نەسار حاج
سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران، بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ئێستادا، گرنگییەکی ناوازە بەدەستدەهێنێت لە کێشانی نەخشەی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن. چاودێرانی کاروباری سیاسی پێیان وایە سەرکەوتنی ئەم سەردانە بە شێوەیەکی توند بەندە بە زیادکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و چالاککردنی دۆسیەکانی هاوکاریی دووقۆڵی، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانیدا.
چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی واشنتۆن ببنە هۆی هەنگاونان بەرەو پێشەوە لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە دۆسیە گەشەپێدان و ئابورییەکان و دۆسیەکانی تری کە لە ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژیدا هاتوون، بە جۆرێک بنەما بۆ قۆناغێکی نوێ لە هاوبەشی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش دابڕێژێت.
لەو بارەیەوە، ئەبو تراب تەمیمی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیکردەوە: سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەردانێکی گرنگە و یەکەمین سەردانی فەرمی ئەوە بۆ دەرەوەی عێراق، و ئاماژەی بە گرنگی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن کرد بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.
تەمیمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەوڵەتێکی کاریگەرە لەسەر ئاستی جیهان، و هەمووان قەبارەی بوونی ئەو وڵاتە لە عێراق و ناوچەکەدا درک پێدەکەن"، ڕوونیشیکردەوە کە "عێراق پێویستی بە ڕێکخستنی ئەم بوونە هەیە لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئەمنی، سەربازی، ئابوری و سیاسی، سەرەڕای سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەمنی و مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات لە عێراق."
وتیشی: "پێگەی ئابوری ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان وا دەکات گرنگ بێت کە ڕۆڵێکی کارای هەبێت لە عێراقدا لە ڕێگەی وەبەرهێنان و کارکردن لە کەرتە جیاوازەکاندا، نەک تەنها تەرخانبکرێت بۆ کەرتی نەوت"، داواشی کرد "هاوکارییەکان بەهێزتر بکرێن لە بوارەکانی کارەبا، ڕێگاوبان و پردەکان، کشتوکاڵ، بەنداوەکان و کەرتە زیندووەکانی دیکە."
ئاماژەی بەوەشدا: "عێراق پێویستی بە سوودوەرگرتن هەیە لە ئەزموونی سەرجەم وڵاتانی جیهان، و پێویستە بوونی کۆمپانیا و وڵاتانی بیانی لە عێراقدا بوونێکی ئەرێنی و کارا بێت کە ئەنجامی بەرجەستە بەدەست بهێنێت"، جەختیشیکردەوە کە "ئەوەی داواکراوە ئەوەیە کە قازانجەکانی ئەم هاوکارییە گەورەتر بن لە زیانەکانی، بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەکان."
لای خۆیەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران جەختیکردەوە: کە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا پشت بە بنەمای دامەزراوەیی ڕەسەن دەبەستن کە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی ساڵی ٢٠٠٨ دەستنیشانی کردوون، کە تەنها کورت نەبووەتەوە لەسەر لایەنە ئەمنییەکان، بەڵکو چوارچێوەیەکی بەرفراوانی بۆ هاوکاری ئابوری، بازرگانی، وەبەرهێنان، زانستی و ڕۆشنبیری داناوە.
ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت: "جەختکردنەوەی عەلی فالح زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی عێراقە بە چالاککردنی ئەو ڕێڕەوە ئابورییانەی لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتوون بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیران بۆ ئەمریکا کە ئەم ڕێڕەوانە بەهێزتر دەکات."
وتیشی: "بەشێکی گرنگی هاوکارییەکان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە کەرتی وزەدا چڕ ببووەوە، لە کاتێکدا قۆناغی داهاتوو وەک کاندید دەردەکەوێت بۆ فراوانکردنی هاوبەشییەکە بەرەو کەرتە زیندووەکانی دیکە کە ژێرخان، کەرتی دارایی و بانکی، گۆڕانی دیجیتاڵی، وزەی نوێبووەوە، پەروەردە و بنیادنانی توانای مرۆیی دەگرێتەوە"، ڕوونیشیکردەوە: "ئەم بوارانە کۆڵەکەی سەرەکین لە ڕێڕەوی هەمەجۆکردنی ئابوری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت."
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەر لێکنزیکبوونەوەیەکی سیاسی لە نێوان سەرکردایەتی بەغداد و واشنتۆندا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر کەشی وەبەرهێنان و متمانەی کۆمپانیا جیهانییەکان بە بازاڕی عێراقی، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ژینگەیەی کە سەقامگیری سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوسەنگەکان دەیڕەخسێنن بۆ ڕاکێشانی سەرمایە، تەکنەلۆژیا و ئەزموونە هاوچەرخەکان"، وتیشی: "پشتیوانی ئەمریکا بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە چاکسازی ئابوری و بەهێزکردنی سەقامگیری، ئاسۆی کرانەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەڕووی عێراقدا فراوانتر دەکات، و نیشانەی ئەرێنی دەدات بە دامەزراوە داراییەکان و وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە داهاتووی ئابوری عێراق و توانای گەشەکردنی، ئەمەش شتێکە کە گفتوگۆکانی کاتی سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن بەهێزی دەکەن."
ساڵح دەڵێت: "عێراق خاوەنی فاکتەری گرنگە کە شایستەی دەکات ببێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی بەرژەوەندییە ئابورییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بە سوودوەرگرتن لە پێگەی جوگرافی، سەرچاوە سروشتییەکان، قەبارەی بازاڕەکەی و توانای مرۆییەکەی"، ئاماژەی بەوەشدا: "چالاککردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لە بەشە ئابورییەکەیدا، دەرفەتێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوکاری نەریتییەوە بۆ هاوبەشییەکی گەشەپێدانی درێژخایەن کە بەشدار بێت لە پشتگیریکردنی گەشەی ئابوری، ڕەخساندنی هەلی کار و بەهێزکردنی سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەدا."
ڕوونیشیکردەوە: "کێشانی نەخشەی داهاتووی گەشی عێراق لە ڕووی ئابورییەوە، لەو دەرفەتە مێژووییەوە دەستپێدەکات کە بوونی سەرکردایەتییەکی ئابوری گەنج دەیڕەخسێنێت کە توانای هەیە وێنەی وڵاتەکە وەک دەوڵەتێکی گەشەسەندوو دابڕێژێتەوە، نەک تەنها لە دەوروبەری هەرێمی خۆیدا، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا"، وتیشی: "گەشبینی بە داهاتووی عێراق پشت بە کۆمەڵێک فاکتەری جەوهەری و پێکهاتەی کاریگەر لە ئابوری هەرێمی و نێودەوڵەتیدا دەبەستێت، لە پێش هەموویانەوە پێگەی جوگرافی کە ڕۆڵێکی تەوەرەیی بە عێراق دەبەخشێت، لەپاڵ سامانە سروشتییەکان، توانای مرۆیی و تواناکانی بەرهەمهێنانی شاراوە، ئەمانەش توخمێکن کە ڕێگا خۆش دەکەن بۆ قۆناغێک لە گەشەکردنی خێرا لە ڕێڕەوی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکاندا، و لە پێش هەمووشیانەوە بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە جۆرێک کە پاڵنەرێکی بەهێز بە عێراق ببەخشێت بەرەو سەقامگیری، گەشەپێدان و تێکەڵاوبوونی ئابوری فراوانتر."
پەیامی هاندەرانە
لەلایەن خۆیەوە، فازڵ ئەبو ڕەغیف، پسپۆڕی ئەمنی دەڵێت: حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، بۆ یەکەمجارە لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە لە دروستکردنی قەناعەت سەبارەت بە داماڵینی چەک یان جیاکردنەوە و سەرژمێرکردن و تۆمارکردنی لە چوارچێوەی دامەزراوەی ئەمنیدا، ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمە دۆسیەیەک بوو کە پێویستی بە هەوڵێکی گەورە و بەردەوام هەبوو کە لە ڕێگەی دیدار و دانوستانی کاراوە ئەنجامی بەرجەستەی لێکەوتەوە.
ئەبو ڕەغیف بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ئەم هەنگاوە ئاڕاستەیەکی ڕاستە بەرەو بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و چەسپاندنی سەقامگیری"، ڕوونیشیکردەوە کە "حکومەت لە کاتی دامەزراندن و پێکهێنانییەوە، داوای کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق نەکرێتە مەیدانێک بۆ دەستدرێژی یان خاڵی دەستپێشخەری بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک، هەروەک ڕەتیشی کردووەتەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمی یان نێودەوڵەتی."
وتیشی: "سەرۆک وەزیران بە بەردەوامی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەوڵەت بەرپرسە لە بڕیاری شەڕ و ئاشتی، و ئەم ڕێبازە ڕامیارییەکی جێگیری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە"، ئاماژەی بەوەشدا کە "هەنگاوەکانی ئێستای حکومەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەیان لەسەر کەرتە جیاوازەکان دەبێت، بەتایبەتی کە وڵاتانی هەرێمی و جیهانی بە ئەرێنییەکی گەورەترەوە سەیری عێراق دەکەن، لە کاتێکدا وەبەرهێنان ژینگەیەکی بەپیت و کەشێکی لەبارتر بۆ کارکردن دەدۆزێتەوە."
جەختیشیکردەوە: "ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانەی کە لای کۆمپانیا بیانی، جیهانی، ڕۆژئاوایی و ئەوروپییەکان هەبوو سەبارەت بە هاتنیان بۆ عێراق و وەبەرهێنان تێیدا بە شێوازێکی ئارام، بە شێوەیەکی گەورە پاشەکشە دەکات لەگەڵ هەنگاونان بەرەو سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دامەزراوە فەرمییەکان"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەم ئەرێنیانە بە شێوەیەکی خێرا دەردەکەون، چ لەسەر ئاستی ئاوەدانکردنەوە، بیناسازی یان گەشەپێدانی ئابوری، و پێشبینیشی کرد کە مانگەکان و ساڵانی کەمی داهاتوو ئەنجامی ڕوونی ئەم ڕێوشوێنانە بەخۆوە ببینن."
ئەبو ڕەغیف ئاماژەی بەوەشدا: "سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی بۆ واشنتۆن شوێنەواری ئەرێنی گرنگ جێدەهێڵێت، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پێشکەوتنەی لە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەکدا بەدەستهاتووە"، پێشبینیشی کرد کە "ئەم هەنگاوانە پێشوازییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی لێبکرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "سەرکەوتنی حکومەتی زەیدی لە دابینکردنی قەناعەت لای گروپەكان (الفصائل) بۆ دەستبەرداربوون لە چەک و تێکەڵبوونیان لە چوارچێوەی پڕۆسەی سیاسیدا، دەستکەوتێکی گرنگە کە پێگەی دەوڵەت بەهێز دەکات و پشتگیری لە دەرفەتەکانی سەقامگیری و گەشەپێدان دەکات لە ماوەی قۆناغی داهاتوودا."
بەهێزکردنی پەیوەندییەکان
لەلایەکی دیکەوە، غالب دەعمی، پسپۆڕی کاروباری سیاسی جەختیکردەوە: "پێشوازی ئەمریکا لە سەرۆکایەتی زەیدی بۆ حکومەت و بانگهێشتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەرۆک وەزیران بۆ سەردانیکردنی واشنتۆن، ڕەنگدانەوەی پێشوازییەکی بێوێنەیە کە حکومەتەکانی پێشوو بەخۆیانەوە نەبینیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بوونی ئارەزوویەکی ڕوونی ئەمریکا لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا."
دەعمی ڕوونیکردەوە: "لە دیارترین ئەو دۆسیانەی لە کاتی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن دەخرێنەڕوو، پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە."
دەعمی ئاماژەی بەوەدا: "قۆناغی داهاتوو سەقامگیرتر دەردەکەوێت و نیشانەی ئەرێنی لەسەر ئاستە جیاوازەکاندا هەڵدەگرێت، بەتایبەتی لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکانی پاشەکشەکردنی توندی ململانێی ئەمریکا و ئێران، کە ئەمەش ڕەنگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر سەقامگیری عێراق و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی گەشەپێدان و کرانەوەی ئابوری و سیاسی."
ئەوەشی خستەڕوو: "سەردانەکە ڕێڕەوی پەیوەندی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی قۆناغی داهاتوودا دەستنیشان دەکات، و ئەنجامەکانی ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سروشتی هاوکاری نێوان هەردوو وڵات، چ بەرەو لێکتێگەیشتنی ستراتیژی بەرفراوانتر یان لە حاڵەتی نەگەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش."
وتیشی: "عێراق پێویستی بەوە هەیە کار بکات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەهێزکردنیان، و دوورکەوتنەوە لەو پێشنیار و تێڕوانینانەی کە ڕێگری لەم ڕێڕەوە دەکەن، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو قۆناغە نوێیەی کە شایەتی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی بوونی سەربازی ئەمریکایە."
ئاماژەی بەوەشکرد: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی لێکتێگەیشتنە ڕاگەیەندراوەکان، دەبێتە هۆی گواستنەوەی پەیوەندی نێوان بەغداد و واشنتۆن بۆ چوارچێوەی هاوکاری ستراتیژی لە نێوان دوو دەوڵەتدا، پشتبەستن بە ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی کە لە ساڵی ٢٠٠٨دا واژۆ کراوە."
دەعمی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا، ئەمەش داوا دەکات کە ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و سەقامگیری عێراق بەهێزتر بکات."