بەدواداچوون – INA
وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاماری قوربانییانی هێرشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ سەر خاکەکەی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە ٩٢ کەس بوونەتە قوربانی.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "هێرشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی ئەمریکا پێنج پارێزگای جیاوازی وڵاتەکەیان کردووەتە ئامانج."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی ئەو هێرشانەوە تاوەکو ئێستا ١٤ کەس شەهید بوون و ٧٨ کەسی دیکەش بریندار بوون."
وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێرشەکان چەند ناوچەیەکی جیاوازی گرتووەتەوە و جگە لە زیانی مرۆیی، زیانی ماددی بەرچاویشیان بە هەندێک لە دامەزراوەکان گەیاندووە. ڕاشیگەیاندووە: "تیمە پزیشکییەکان و فریاگوزارییە خێراکان بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە بریندارەکان لەو نەخۆشخانانەی نزیکن لە شوێنی ڕووداوەکانەوە."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە بەهۆی "سەختیی برینی بەشێک لە بریندارەکان"، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی شەهیدەکان لە ئارادایە، هاوکات جەخت لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوی دامەزراوە تەندروستییەکان کراوەتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەو هێرشانەدا.