ڕۆژ بە ڕۆژ دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش ڕوو لە زیادبوون دەکەن، بەڵام پزیشکەکانی ددان هۆشداری دەدەن بەو کەسانەی دەرمانە نوێیەکانی کەمکردنەوەی کێش و کۆنترۆڵکردنی شەکرە بەکاردەهێنن، لە بوونی هەندێک کاریگەری لەسەر تەندروستی دەم و ددان.
لە گرنگترین ئەو کاریگەریانە، زیادبوونی مەترسیی کلۆربوونی ددان، بۆنی ناخۆشی دەم، وشکبوونی دەم و هەستیاری ددانە. بە پێی پسپۆڕانی دەم و ددان، ئەم کێشانە زۆرجار بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە خودی دەرمانەکەوە سەرچاوە ناگرن، بەڵکو ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەن کە دەرمانەکان لە جەستەدا دروستیان دەکەن.
پزیشکی پسپۆڕی جوانکاری ددان، دکتۆر کاتریس ئۆستن، لە کلینکی لێگەسی میدیکەڵ، ڕایگەیاندووە، ئەو کەسانەی دەرمانەکانی کەمکردنەوەی کێش بەکاردەهێنن دەبێت گرنگی زیاتر بە تەندروستی دەم و ددانەکانیان بدەن، چونکە وشکبوونی دەم و گەڕانەوەی ترشیی گەدە (دڵەکزە) دەتوانن مەترسیی کلۆر بوونی ددان و بۆنی ناخۆشی دەم زیاد بکەن.
یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەم دەرمانانە وشکبوونی دەمە. لە هەندێک کەسدا هەستی برسێتی و تینووێتی کەم دەکەنەوە، کە دەبێتە هۆی کەمخواردنەوەی ئاو، بەمەش دەم ناتوانێت بە باشی بەکتریا و ماددە ترشەکان لەسەر ددان پاک بکاتەوە، کەلەئەنجامدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی مینای ددان.
لەگەڵ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی زانستیی یەکلاکەرەوە نییە لەسەر ئەوەی ئەم دەرمانانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی زیادکردنی گرفتی ددان، بەڵام پزیشکەکانی پسپۆڕ دەڵێن لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو نەخۆشانە زیاد بووە کە لە دوای بەکارهێنانی ئەم دەرمانانەوە تووشی وشکبوونی دەم، بۆنی ناخۆش، هەستیاری ددان و کلۆری ودەرهێنانی ددان بوون.
لەلایەکی ترەوە، بەپێی ناتالی جیۆنگ، مامۆستای بەشی پزیشکی ددان لە زانکۆی تەفتسی ویلایەتی ماسەچوسێتس، توێژینەوەکان پیشانی دەدەن کە دەرمانەکانی هاوشێوەی هۆرمۆنی ڕێکخەری شەکرە دەتوانرێت سوودیان لێ وەربگیرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرە و کەمکردنەوەی کێش. بەڵام پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی بەردەوام و زیاتر هەیە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانیان لەسەر تەندروستی دەم و ددان بزانین.
پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە، سەرەڕای سوودی ئەم دەرمانانە بۆ شەکرە و کەمکردنەوەی کێش، پاراستنی تەندروستی دەم و ددانیش پێویستە. ئامۆژگاری دەکەن بە بەردەوام ئاو خواردنەوە، ڕۆژانە دوو جار ددان پاک کردنەوە و بەردەوام سەردانی پزیشکی ددان.
ئەم ڕاپۆرتە لە لایەن هاوژین عەبدولرەحمان لە واشنتنەوە ئامادە کراوە.